فەرماندەیەکى جەیشولسوار: پاراستنى عەفرین لە شەڕی دژ بە داعش گرنگترە

خەڵەف محەمەد یەکێک لە فەرماندەکانى جەیشولسوار کە بەشێکن لە هێزەکانى قەسەدە، بەشێک لە هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتى فوراتەوە کشاندووەتەوە بۆ عەفرین و ڕایگەیاند "ئەگەر پێویست بکات هەموو هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتى فوراتەوە دەکشێنیەوە بۆ عەفرین، چونکە بۆ ئێمە پاراستنى

خەڵەف محەمەد بە ئاژانسى هەواڵى هاوارى ڕاگەیاند "گەلی عەفرین لە بریى هەموو  جیهان شەڕی تیرۆر دەکات. شەڕڤانان لە عەفرین، کۆبانێ، ڕەقە، دێرەزۆر و زۆر شوێنى تر شەهیدبوون. عەفرین وەک ناوچەکانى تر نییە، چونکە ڕووسیا و دەوڵەتى تورک پیلانیان لە دژ ئەنجادا، بەڵام عەفرین لە پیلانەکانیان گەورەترە".

ئەو فەرماندەیەى جەیشولسوار ڕاشیگەیاند، کاتێک هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش بەرامبەر بە هێرشى سوپاى تورک بۆ سەر عەفرین بێدەنگیى هەڵبژارد، ئێمە بڕیارى خۆماندا بۆ بەرگریکردن لە عەفرین و وتى "ئێمە بەشێک لە هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى فوراتەوە کشاندەوە بۆ عەفرین. تاوەکو ئێمە لە بریى جیهان و دەوڵەتە عەرەبییەکان، کە بە بەرچاویانەوە سوپای تورک هێرشى داگیرکارنەى بۆ سەر عەفرین و بەشێک لە خاکى سوریا دەستپێکردووە، بەرگری لە عەفرین بکەین".

محەمەد خەڵەف باسى ئەوەشیکرد، دانیشتوانى عەفرین پشتیوانى گەلى ڕەقە و دێرەزۆر بوون و وتیشى "شەڕڤانانى عەفرین بۆ ڕزگارکردنى هەموو ناوچەکانى ژێر چەنگى داعش پشتیوانمان بوون. ئێستاش شەڕڤانانى ڕەقە و دێرەزۆر بە دەم داواى گەلى عەفرینەوە دەڕۆن و وەڵامى هێرشەکانى سوپاى تورک دەدەنەوە".

ئەو فەرماندەیەى جەیشولسوار لە کۆتایى قسەکانیدا ئەوەشى وت "لە ڕاستیدا ئەوە زۆر گرنگ نییە، کە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش ئەوەى قبوڵ بێت یان قبوڵى نەبێت، کە لە بەرەى شەڕی داعش بکشێنەوە، چونکە ئەوەى لەو کشاندنەوەیە بەرپرسە، هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیى ئەمریکایە. پاراستنى عەفرین بۆ ئێمە لە پلەى یەکەمدایە لە شەڕی  دژ بە داعش لە دێرەزۆر گرنگترە. ئەگەر پێویست بکات ئێمە بەشى دووەم و سێیەمى هێزەکانمان لەو ناوچانە دەکشێنینەوە و ڕەوانەى عەفرینیان دەکەن بۆ ئەوەى وەڵامى هێرشەکانى سوپاى تورک بدەنەوە".

ر.م