قهشهی کەنیسەی ماریسا حهكیم: ئۆجالان ڕێبەرێکی نێونەتەوەییە
قهشهی كهنیسهی ماریسا حهكیم ڕایگەیاند: بیری ئۆجالان، بیرێکی تەسکی شۆڤێنی نییە، بەڵکوو دیدێکی نێونەتەوەییە کە سەرجەم پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بەیەکەوە کۆدەکاتەوە.
قهشهی كهنیسهی ماریسا حهكیم ڕایگەیاند: بیری ئۆجالان، بیرێکی تەسکی شۆڤێنی نییە، بەڵکوو دیدێکی نێونەتەوەییە کە سەرجەم پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بەیەکەوە کۆدەکاتەوە.
میخائیل یەعقووب، قهشهی کەنیسەی ماریسای حهكیم لە شاری دربێسیێی ڕۆژئاوای كوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لهگهڵ ئاژانسی ھەواڵی ھاوار وتی: خەباتی ئۆجالان، لەپێناو ئازادکردنی مرۆڤدایە لە ستەم، کۆیلایەتی و پاکكردنەوەی کەسایەتیی مرۆڤ له ھەموو ئەو خەوشانەی لە کەداری دەکەن.
«بیری ئۆجالان بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤە لە کۆیلایەتی و ستەم»
میخائیل یەعقووب باسی له تێگهیشتنی خۆی بۆ هزری عهبدوڵا ئۆجالان كرد و وتی: لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبەکانییهوه، ئاشنابووم بە بیری ئەو ڕێبەرە مەزنە، بیرو فەلسەفەی ئاپۆ، خەباتێکە بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ لە ستەم و کۆیلایەتی. ههروهها بیرێکە مرۆڤ پاکدەکاتەوە لە ھەموو ئەو خەوشانەی لەکەداری دەکەن.
ئەو قهشهیهی كهنیسهی ماریسای حهكیم له ڕۆژئاوای كوردستان، بهراوردی نێوان بیری ئاپۆ و بیری مەسیح دهدات و دهڵێت: بیری مەسیح و ئاپۆ لەزۆر باردا لەیەک دەچن، بۆ نموونە بەرزکردنەوەی پێگەی ژن. ژن لە دیدی ئۆجالاندا خاوەن پێگەیەکی بەرزە کە ھاوتای پێگەی پیاوانە، ھەمان تێروانینیش لە دیدی مەسیحدا بەرامبەر ژن ھەیە.
«بیری ئاپۆ بیرێکی شۆڤێنی تەسک نییە»
میخائیل یەعقووب له درێژهی قسهكانیدا دهستنیشانی كرد، بیری ئۆجالان بیرێکی تەسکی شۆڤێنی نییە، بەڵکو خاوهن دیدێکی نێونەتەوەییە کە سەرجەم پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. لە دیدی ئۆجالاندا کورد، مەسیحی، عەرەب وەک یەکن و جیاواز نین. ئەمە سیفەتی مرۆڤە گەورەکانی مێژووە. ناکرێت بە کەسێک بگوترێت ڕێبەرێکی نێونەتەوەیی کە ئینتیمای تەنھا بۆ نەژادێک ھەبێت.
«ئاپۆ تەواوی مرۆڤایەتی خۆش دەوێت»
قهشهی كهنیسهی ماریسای حهكیم له شاری دربێسیێ وتی: لە گرنگترین سیفەتەکانی ئۆجالان ئەوەیە کە ھەموو کەسێکی خۆش دەوێت. واتە ئینتیمای ئەو سەرۆکە بۆ ئایین و نەژادێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو فەلسەفەی ئەو ڕێبەرە خۆشویستنی ھەمو مرۆڤایەتییە بەبێ جیاوازی.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، میخائیل یەعقووب قهشهی کەنیسەی ماریسای حهكیم لە شاری دربێسیێ-ی ڕۆژئاوای كوردستان ھیوای خواست لە زووترین کاتدا ئەو ڕێبەرەی مرۆڤایەتی لە زیندان ئازاد بکرێت. ناوبراو وتیشی: ھەرچەندە ئۆجالان لە زیندانە، بەڵام لە ویژدانی ھەموو مرۆڤێکی زیندوودایه.
s.m