'قەسابەکەی ڕەقە' چاوەڕێی دادگاییکردنە

ئانۆر هادۆچی چەتەی بەلجیکی داعش کە وەک 'قەسابەکەی' ڕەقە دەناسرێ، لە دەستی قەسەدە دایە. هادۆچی دەیەوێت لە بەلجیکا دادگاییبکرێت.

یەکێک لەو چەتانەی کە لە باغۆز دەستگیرکرا ئانۆر هادۆچی ٣٥ ساڵ خەڵکی بەلجیکا بوو. هاتۆچی کە وەک 'قەسابی ڕەقە' دەناسرێت، لە دەستی ‌هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دایە. هاتۆچی کە ٧ مانگە دەستگیرکراوە، داوا دەکات لە بەلجیکا دادگاییبکرێت.

لە زیندانێکی ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیمە هادۆچی (ئەبوسلێمان ئەلبەلگیکی /ئەبو عەبدولڕەحمان) مان بینی. لە ساڵی ٢٠١٤ خۆی و هاوسەر و دوو منداڵی لە بەلجیکاوە چووەتە سوریا و بەشداری لە داعش کردووە. لە ٣ی ئازاری ٢٠١٩ لە لایەن شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە (قەسەدە) لە باغۆز دەستگیرکرا و ٧ مانگە لە زینداندایە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵگری بەلجیکا، یەکێک لەو کەسانەبوو کە لەناو داعشدا کاریگەری زۆری هەبووە. بە هۆی ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە کردوویەتی لە بەلجیکا و ئەوروپا وەک 'قەسابەکەی ڕەقە' دەناسرا. پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ محەمەد ئابرینی تاوانباری کۆمەڵکوژی پاریس و بروکسل هەبووە. وەزارەتی ئابوری بەلجیکا ڕایگەیاندبوو، هادۆچی بۆ پشتگیریکردن لە کۆمەڵکوژیەکان لە ڕەقەوە ٣ هەزار و ٥٠٠ یوروی بۆ محەمەد ئابرینی ناردووە.

لە مزگەوتەکانی تورک و فاس (مەغریب) خۆی بەڕێکخستن کرد

هادۆچی لە ناو خێزانێکی موسوڵماندا لەدایک بووە و لە بروکسل کاری شۆفێری تەکسی دەکرد. دوای ئەوەی شەڕی سوریا دەستیپێکرد، لە مزگەوتەکانی تورک و فاس (مەغریب) لە بەلجیکا بە گروپێکی سەلەفی ئاشنا دەبێت. هادۆچی بە شێوەیەکی فراوان باس لەو گروپ و کەسانە ناکات. لە ساڵی ٢٠١٤ لە گەڵ هاوسەر و منداڵەکانی لە ڕێگەی تورکیاوە، دەچێتە سوریا. پەیوەندیەکانی لە تورکیا ئاشكرا ناکات و لەبارەی چۆنیەتی چوونی بۆ سوریا دەڵێت، " ئێمە لە بەلجیکاوە چووینە ئەستەنبوڵ و دواتر چووینە دیلۆک. بە یارمەتی هەندێک کەس لە دیلۆکەوە بۆ سوریا ڕەوانەکراین. بێ کێشە سنورمان تێپەڕاند. لەگەڵ ئەوەی لەسەر سنور سەربازی تورکیا دەبینران، بەڵام بە بێ کێشە چووینە سوریا. ئەندامانی داعش پێشوازیان لێکردین. سەرەتا چووینە شارۆچکەیەک و دواتر چووینە جەرابلوس."

نکۆڵی لە کردەوەکانی دەکات

هادۆچی دەلێت، دوای ماوەیەکی کورت لە جەرابلوسەوە چوونەتە ڕەقە. لە ڕەقە لە کەمپێکدا پەروەردەی سەربازی و شەڕیان بینیوە و لەگەڵ خێزانەکەی لە ڕەقە ماوەتەوە. ولامی پرسی ئەرکی لەناو داعشدا چیبووە ناداتەوە و وا خۆی دەردەخات کە لەناو داعشدا شەڕی نەکردووە. لە بەرامبەر ئەوەی' تۆ وەک قەسابەکەی ڕەقە دەناسرێت و یارمەتی کۆمەڵکوژیەکانی بروکسل و پاریست داوە' بە تەنها پێدەکەنێت و هیچ ناڵێت.

هادۆچی دەڵێت، دوای ئەوەی ڕەقە لە لایەن شەرڤانانی قەسەدەوە ئازادکرا، چووەتە مەیادین و لەوێوی چووتە دێرەزۆر و دواتر لە باغۆز لە ٣ی ئازاردا دەستگیرکراوە و هەموو جارێک نکۆڵی لەو کۆمەڵکوژیانە دەکات کە ئەنجامیداوە. هادۆچی پەسەندی دەکات کە داعش کۆمەڵکوژی زۆری بەرامبەر خەڵکی مەدەنی کردووە و دەڵێت، "داعش تاوانی شەڕی ئەنجامداوە". هداۆچی کە ٥ ساڵ لەناو داعشدا بوو، دەڵێت، "پەشیمانم."

دەیەوێت بگەڕێتەوە بەلجیکا

هادۆچی داوا دەکات لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەی کە نازانێت لەکوێن، بگەڕێتەوە بۆ بەلجیکا و وتی، "دەزانم ناتوانم بڕیاری ئەوە بدەم لە کوێ دادگایی بکرێم. من هاوڵاتیەکی بەلجیکیم و دەمەوێت لەگەل خێزانەکەم بگەڕێمەوە بەلجیکا. ئەگەر دادگاییبکرێم، پێویستە لە بەلجیکا دادگاییبکرێم".

ف.ق