قەسەدە؛ ئاماری شەڕی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ، لە بڵاوکراوەیەکیاندا ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ( بەرخۆدانی سەردەم ) ی بڵاوکردەوە و دەستنیشانی کرد ؛ ئەمڕۆ جگەلە تێکشکاندنی ٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای تورکیا دەیان سەربازو چەتە کوژراون .

ناوەندی ڕاگەیاندنی-قەسەدە؛ جەختی لەوەش کردەوە ھاوڵاتیانی مەدەنی کانتۆنی عەفرین بونەتە ئامانجی سەرەکی ھێرشەکانی سوپای تورکیاو چەتەکانی .

دەقی ڕاگەیەنراوی قەسەدە:

لە گەڵ ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە بڕیاری ژمارە ٤٢٠١ ئاگربەستی لەتەواوی خاکی سوریادا ڕاگەیاندووە ، بەڵام ھێرشی دڕندانەی چەتەکانی تورکیا وھاوپەیمانەکەنی لە سەر کانتۆنی عەفرین بەردەوامە . سوپای تورکیا بە تەکنەلۆژیای ھەرە پێشکەوتوو گەلی ئێمە لە عەفرین سەرکوتدەکات .

لەبەر ئەوە شەڕڤانانی ئێمە ناچارن مافی پاراستنی ڕەوا لە خۆ بەکاربێنن وبەرپەرچی ھێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا  بدەنەوە وگەلی ئێمە لە عەفرین بپارێزن .

ماباتا

سوپای تورکیای داگیرکەرو چەتەکانی ھاوپەیمانی ،چەند ڕۆژە لە گوندی (بادینا) ھەوڵی بەرەوەپێشچون دەدەن، کە بەرەو ڕووی وەڵامی توندی شەڕڤانانی ئێمە بونەوە ،.پێش نیوەڕۆی دوێنێ لە دەوروبەری گوندی ناوبراو شەڕێکی سەخت ڕویداو تا درەنگای ئێوارە بەردەوام بوو .لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا چەندین چەتەو سەربازی تورکیا بەر زەبری ھێزەکانمان کەوتن وبەگشتی ٣٠ سەربازوو چەتە کوژران وژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون .

لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای تورکیا وچەتەکان، لە دەوروبەری گوندی (میرکان) چەندین ھاوڵاتی مەدەنی کوژران وبریندار بوون .

ڕاجۆ

شەڕڤانان لە دەوروبەری گوندی (کواندە) ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای تورکیایان کردە ئامانج ولەئەنجامدا ئۆتۆمبیلەکە بە تەواوی سەرنشینەکانیەوە تێکشکا، لەو شەڕەدا ٧ چەتە کوژران .

لەدەوروبەری ناوچەی ڕاجۆ تا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەنراوە شەڕی سەخت لەنێوان ھێزەکانمان وسوپای تورکیای داگیرکەرو چەتەکانی بەردەوامە .

جندریس

فڕۆکەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر ٩:٠٠ تاوەکو درەنگانێکی ھەمان شەو گوندەکانی (رمادی وھیمیلکا) ن ، بۆردوومان کرد .

سوپای تورکیا دیسان بەمەبەستی قڕکردن ھاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج . لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە گوندی ( حاجی لەر) ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای داگیرکەرەوە کرایە ئامانج،و لە دەرئەنجامدا ٨ هاوڵاتی شەهید و ١٢ دیکەش بریندار بوون . بۆ ئەوەی شوێنەواری تاوانە نامرۆڤایەتیەکەی بسڕێتەوە ، سوپای تورکیا سەرجەمی تەرمەکان وبریندارەکانی گواستەوە بۆ ناحیەی (ریحانێ) لە دیوی تورکیا .

شەڕڤانان گروپێکی چەتەکانیان ، کردە ئامانج ، لە ئەنجامدا توانیان ٤ ئۆتۆمبیلی سەربازیان تێک بشکێنن وسەرجەم سەرنشینەکانی ناوی ئۆتۆمبێلەکە کوژران .

جێگەی وەبیر ھێنانەوەیە لەم بەرەی شەڕدا فڕۆکەکانی سوپای داگیرکەر بەردەوام بۆردمانی ناوچەکە دەکەن وھاوڵاتیانی مەدەنی ئامانجی سەرەکیانە .

لە نزیک گوندی (چلمە) ئۆتۆمبیلێکی سوپای تورکیای داگیرکەر کە لەھەوڵی پێشڕەویدا بوو لەلایەن شەڕڤانانەوە کرایە ئامانج و ئۆتۆمبیلەکە بە تەواوەتی تێکشکێنرا .

شرا :

ھەر یەکە لە گوندەکانی (سینکا – براڤا – کفرجنە ) و ناوەندی شارۆچکەی شرا،لە لایەن تۆپخانەکانی دوژمنەوە بە تۆپی قورس تەواوی شەوی ڕابردوو ھەتا بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆپبارانکران .

لە پاڵ تۆپبارانی سەخت ھێرشە ئاسمانیە ھەڕەمەکیەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر لەسەر ھەریەکە لە گوندەکانی( سینکا ، خەرابە شرا ،بافلون سەربازگەی کفرجنە ) وناوەندی شارۆچکەی شرا بەردەوامە .

لە بەرەی (بافلون) شەڕ بەردەوامی ھەیەو ھێزەکانمان کاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ توانیان ئۆتۆمبیلێکی سەربازی دوژمن تێکبشکێنن بە تەواوی سەرنشینەکانی ناویەوە .لە ھەمان بەرە ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی جۆری bmb تێکشکێنراو ١٦ چەتەو سەرباز کوژران .

لەم بەرەیە شەڕێکی سەخت تا ئامادەکردنی ئەم ھەواڵە بەردەوامە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھێزەکانمان توانیان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کە چەکی دۆشکای لەسەر بوو بەتەواوەتی تێک بشکێنن .

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر گوندی (مشعلە ) یان بۆمباران کرد .بۆمباران ھەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەنراوە بەردەوامە .بەپێی زانیارییەکانمان تا ئێستا لە دەرەنجامی ئەو بۆمبارانە ٥ ھاوڵاتی سڤیل شەھید بوون وژمارەیەکیش بریندار، تیمەکانی تەندروستی لە بەر ھێرشەکان ناتوانن بگەنە شەھید وبریندارەکان .