قەسەدە ئاماری هێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات قەسەدە، ئاماری هێرشەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بڵاوکردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لەبارەی شەڕ و بەرخۆدانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، یاخود ڕۆژی پەنجا و یەکەمینی 'بەرخۆدانی شەرەف'ی بە ڕاگەیاندراوێک  ئامارەکانی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە: "سوپای تورکی داگیرکەر لە تەواوی بەرەکانی شەڕ لە جموجۆلی داگیرکاریی و هێرشەکانی بە چەکی قوڕس و فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوان بەردەوامە.

تەل ته‌مر

سوپای داگیرکەر لە چەندین گوندی سەر بە تەل تەمر بە پشتیوانی چەکی قوڕس، هێرشی قوڕسی بۆ سەر ناوچەی هاوڵاتیانی سڤیل دەستپێکرد. هاوکات فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانەکان لە جموجۆڵەکانیان بەردەوامن. گرووپە چەتەکان لە گوندی قاسمیە، داودیە، تەل جمۆ وە لەسەر ڕێگای نێوان ئێریشا و ساڵحیە بە تۆپ و تانک ناوچەکەیان بۆردومان کرد.

عه‌ین عیسا

سوپای تورکی داگیرکەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ناوچەی عەین عیسا، ڕێگەی M4 ی نێودەوڵەتی و گوندەکانی عەین عیسایان بە تانک و تۆپ بۆردومان کرد و چاودێریکردنیان بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان بەردەوام کرد. سوپای داگیرکەر سەنگەرەکانی هێزەکانمان و هێزەکانی سوپای سوریا و ناوچەی دانیشتوانی سڤیلیان لە گوندی شێرگراد، ئەبوسەر و ڕێگای M4 بە شێوەیەکی قوڕس تۆپباران کرد. هەروەها سوپای تورک لە گوندەکانی جدیدە و بیر کینۆ سەر بە هەرێمی قز ئالی بە چەکی قورس هێرشیان کرد. هێزەکانی سوپای سوریا وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.

سوپای داگیرکەر بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە ٢ سەربازیان لە ئاکچاکالە لە ئەنجامی لێدانی هاوەنەکان کوژراون. بەڵام ئەم بانگەشەیە ڕاست نییە و هیچ هێرشێک لە لایەن هێزەکانمان نەکراوەتە ئەو هەرێمە. سوپای داگیرکەر مردنی سەربازەکانیان کە لە شوێنی دیکە ڕوویداوە، ئێمەی پێ تاوانبار دەکەن و بەو شێوەیە هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بدەن بە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست".