قەسەدە: هێرشەکانی سوپای تورک و چەتەکانی بەردەوامن

هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە رایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، لە دژی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن.

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئەنجامی شەڕو خۆڕاگریی شەڕڤانان لە ٤٨مین رۆژیدا لە باکور رۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ٤٨مین رۆژدا بەردەوامن.

لە راگەیێنراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:

"جموجوڵەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوان و چەکی قوڕس بە مەبەستی داگیرکەریی لە سەرتاسەری بەرەکان بەردەوامن و هێرشی چەندین ناوچەیان کردووە.

تل تەمر

سوپای تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوان گوندەکانی تەولا و ئوم ئەلخێر و ناوچەی نێوان گوندەکانی ساڵحییەو ئەریشا-یان بوردومان کرد. هەروەها گروچە تیرۆرستەکان لە هەمان ئەو ناوچانە، بەردەوام بوون لە جموجوڵی سەربازی بۆ داگیرکەری و بە چەکی قوڕس هێرشیان کردە سەر گوندەکانی ناوچەکە.

عەین عیسا

سوپای داگیرکەر و گروپە چەتەکانی بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و چەکی قوڕس هێرشی گوندەکانی خالدییە و مەسعودییە و بیرعیسا-یان کردو هەوڵێکی زۆریان دا سنووری داگیرکەرییەکانییان بەرفراوان بکەن. لە هەندێک ناوچە گروپە چەتەکان بە چەکی قوڕس هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی ئێمە و هێزەکانی سوپای سوریا. سوپای داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوچەی خربت بەقەرا-یان بۆردومان کرد.

لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای داگیرکەراندا، ٢ لە هەڤاڵانمان بریندار بوون."

ز.ش