كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی پارتیی سووریای داھاتوو له شاری ڕه‌قای سووریا كۆتایی به كاره‌كانی هێنا و دامه‌زراندنی خۆی ڕاگه‌یاند. له كۆنگره‌كه‌دا نوێنه‌رانی زۆر شاری ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا ئاماده بوون.
له ماوه‌ی ٧ ساڵی ڕابردووی شه‌ڕی سووریادا، زۆر بزووتنه‌وه، پارتی و گرووپی جۆراوجۆ دامه‌زرێنراون، به‌ڵام هه‌موویان یان ئایینپه‌رست بوون، یانیش نه‌ته‌وه‌په‌رست. به‌ڵام شائامانجی پارتیی سووریای داھاتوو ئه‌وه‌یه هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا له‌خۆ بگرێت و تێبكۆشێت له‌پێناو كۆتاییهێنان به شه‌ڕ. هه‌روه‌ها له‌پێناو چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه، چاره‌سه‌ریی جددی، گه‌وره و كاریگه‌ر پێشكه‌ش ده‌كات.
مه‌روان فتێح كه ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری «پارتیی سووریای داھاتوو»ە ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له ساڵانی ڕابردوودا، له بواری سیاسی‌دا بۆشایی گه‌وره له سووریا دروست بووه.
«هه‌میشه هه‌نگاوی سه‌ربازی له‌پێشه‌وه بوو، ئێمه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبیر و وه‌ڵاتپارێز به پێویستمان زانی كه وه‌ڵاتی خۆمان له‌م ئاڵۆزییه ده‌رخه‌ین. هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ ئه‌م پارتییهمان دامه‌زراند.»
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی له شاری ڕه‌قا پارتییه‌كه دامه‌زراوه مه‌روان فتێح ڕایگه‌یاند: ئێمه هه‌وڵماندا له‌نێو ئه‌م وێرانییه‌دا و له‌نێوان ئه‌م شاره كاولكراوهدا، چاره‌سه‌ری بۆ گه‌لی سووریا بخه‌ینه‌ڕوو.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی پارتیی سووریای داھاتوو ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له سووریا هیچ پارتییه‌ك نییه هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌خۆ بگرێت، به‌ڵام پارتیی سووریای داھاتوو هه‌موو گه‌لان، ئایینه‌كان، ژنان، لاوان و ته‌واوی چین و توێژه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت. ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئاسۆی ئێمه ته‌نگ نییه، باوه‌ڕمان وایه پارتییه‌كه‌مان ده‌توانێت له ئاستی جیهاندا نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی سووریا بكات.
s.m