لە جیھان وئەوروپا چالاکی بۆ بەرخۆدانی عەفرین ئەنجامدرا

کوردستانیان لە جیھان وئەوروپا بۆ پشتیوانکردن لە "بەرخۆدانی عەفرین" و شەرمەزارکردنی ھێرشەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی بۆ سەرعەفرین چالاکییان ئەنجامدا.

چالاکیەکان لە شارەکانی، میونخ، تۆرینتۆ، مەدرید ئەنجامدرا . کوردستانیانی نیشتەجێی ئەو شارانە ڕژانە گۆڕەپانەکان وناڕەزاییان لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ھێرشەکانی سەر عەفرین دەربڕی.

تۆرینتۆ:

ئەندامانی کۆمەڵەی کورد-ی  تۆرینتۆ، فیدراسیۆنی دیموکراتی کوردانی کەنەدا، لەگەڵ سەرۆکی پارتی پارێزگارانی ئەو وەڵاتە (ئەندرۆ سچیڤ) دەربارەی دۆخی عەفرین کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی فدراسیۆنی کوردانی کەنەدا- تۆرنتۆ، گورگان ئورمانگ، ووتەیەکی لەسەر بارودۆخی شاری عەفرین، پێشکەش کردوو دەستنیشانیانکرد کە تەنانەت نەخۆشخانەکانیش لەلایەن سوپای تورکیاوە بە ئامانج دەگیرێن وبۆردومان دەکرێن.لە کۆبونەوەکەدا داوا لە ئەندامانی پارتی پارێزگاران کرا، ھەڵوێستیان دەربارەی دۆخی عەفرین ھەبێت وڕایانگەیاند بێدەنگ بوون لە هەمبەر ئەو ھێرشانەی سوپای تورکیا، واتە ھاوکاریکردنی ھێرشەکان.

سەرۆکی پارتی پارێزگارانی کەنەدا، ئەندرۆ سچیڤ، لە ووتەیەکدا نیگەرانی پارتەکەی بە بۆنەی شەھید بوونی ھاوڵاتیانی سڤیلی عەفرین دەربڕی وڕایگەیاند خەباتی خۆیان تێکەڵ بە خەباتی گەلی عەفرین دەکەن، لە پێناو ڕێگریکردن لەو ھێرشانە.

میونخ:

لە شاری میونخی ئەڵمانیا لەسەر بانگی کۆمیتەی پشتیوانی عەفرین، لە چالاکیەکدا، لەلایەن کوردستانیانی ئەو شارەوە، کۆمەڵکوژی عەفرین ئیدانە کرا.

لە چالاکیەکەدا ھەریەکە لە، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، سارا-ژن، ئەندامانی جڤاکی ژن، کۆمەڵەی دژە فاشیست، کۆمەڵەی گەنجانی چەپ، دەلنگە، بریگتە ولف، دکپ، بەشدار بوون.

لە ناوەڕۆکی ئەو ووتانەی لە چالاکیەکەدا پێشکەش کران، دەوڵەتی تورکیا و تاوانەکانی سوپاکەی بەرامبەر ھاوڵاتیانی سڤیلی عەفرین ئیدانەکران.

مەدرید:

لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لەلایەن ھەریەکە لە کۆمیتەی ئیسپانیۆل وکوردستانیانی ئەو وەڵاتە چالاکیەک لەبەردەم باڵوێزخانەی ڕوسیا لە مەدرید ڕێکخرا.

لە کۆبونەوەیەکدا، ژمارێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی بەشداری چالاکیەکە دروشمەکانی "تێرۆریست ئەردۆغان" ، "تێرۆریست پۆتین" ، "عەفرین بەتەنیا نیە" وتەوە.

دوو ئەندامی کۆمیتەی پشتیوانیکردنی عەفرین، لەگەڵ کونسوڵی ڕوسیا لە وەڵاتە کۆبونەوەو داوایان کرد دەنگی ناڕەزایی گەلی کورد، بگەیەنێتە وەزارەتی دەرەوەی وەڵاتەکەی.

ک-ا

ک-ش