لە ڕاگەیەندراوەکەی قسەدە، هاتووە:
شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر، سەر بە هێزەکانی قەسەدە، ئەمڕۆ شارۆچکەی بەحرەیان ڕزگار کرد، کە ئەرتەشی تورک و چەتەکانی، بە هێرشکردنە سەر کانتۆنی عەفرین هەوڵیاندا، هەڵمەتەکەیان لەو ناوچەیە ئاستەنگ بکەن و شادەمارێکی نوێی ژیان ببەخشنە جەستەی شەکەت و لەناوچووی داعش. بەڵام شەڕڤانانی قەسەدە ئەو شارۆچکەیە و دەوروبەریان ڕزگار کردوە و بەوەش سەرکەوتنێکی مەزنیان تۆمار کردوە.
بەگوێرەی قسەدە، شارۆچکەی بەحرە دەکەویتە ڕۆژهەڵاتی شاری دێرەزۆر، کە نەک تەنیا یەکێک بوو لە پێگە گرنگەکانی چەتەکانی داعش لە هەرێمەکە، بەڵکوعەمبارێکی سەرەکی چەک و جبەخانەی قورسیشیان بوە. هەروەها چەتەکان لەم دواییەدا لەو شارۆچکەیەوە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی قەسەدە، و لەوێوە ئۆتۆمبیلی مینرێژکراو ئامادە دەکران و ڕەوامەی سەر هێزەکانی قەسەدە و خەڵکی مەدەنییان دەکردن. هەر لەو شارۆچکەیشەەوە بە مووشەکی و تۆپی دورهاوێژ هێرشیان دەکردە سەر شەرڤانان و مەدەنیەکان. بۆیە شەڕڤانان لەو خاڵەوە شەڕیان لە دژی چەتەکان دەستپێکردوە و پێشڕەوییان کردوە، دوای ٢٠رۆژ لە شەڕ و پێکادان توانیان بچنە ناو شارۆچکەکە و لە چەتەکانی داعش پاکی بکەنەوە.
قسەدە رایگەیاندوە:هەرچەندە چەتەکان هەموو شارۆچکەکەیان بۆمبرێژ کردبوو و لە ناو بەشێکی زۆری ماڵەکانیشدا مینیان چاند بوو، بەڵام هێزەکانمان بە پسپۆڕی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد و بە تەواوی شارۆچکەکەیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. لە شەڕ و پێکادانەکانی رزگارکردنی شارۆچکەی بەحرەدا کە بە پاڵپشتی فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی ئەنجام درا، هێزەکانمان گورزی کوشندەیان لە چەتەکان دا و دەستیان بە سەر بڕێکی زۆری چەک و جبەخانەی سوک و قورسدا گرتووە.
فەرماندەیی مەیدانی شەڕەکەش بەم شێویە باسی لە شەڕی ٢٠رۆژی رابردووی شارۆچکەی بەحرە کردوە:وێڕای رزگارکردنی شارۆچکەکە، هەروەها هەزار و ٧٧٦چەتە کوژران و ئەم چەک و کەرەسە سەربازیانەش تێکشکێندراون:"تۆپێکی هاون، ١٧ئۆتۆمبیلی ئاخینراو بە بۆمب، ٨ دۆشکە، ١٤ ئۆتۆمبیلی دۆشکە هەڵگر، ٢٤بلدۆزەر، ٣ کارگەی ئامادەکردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژکراو، ٢ زریپۆش، ٥ فرۆکەی بێفرۆکەوان، ٧ ماتۆرسیکل، ١٢ ئۆتۆمبیلی سەربازی جۆراوجۆر،تۆپێکی قورس لە جۆرەی ئۆبۆس، ٢ ئۆتۆمبیل لە جۆری بی ئێم بی ، ٣ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر، یەک موشەکهاوێژ"ڕاجیمە" و چەکێک لە جۆری ئێس پی جی نۆ".
لە کۆتاییشدا قسەدە ڕایگەیاندووە: ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە، کە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیی دێڕەزۆرەوە بۆ ڕزگارکردنی گوندەکانی دەوروبەری دێرەزۆر لە چنگی چەتەکان دەستی پێکردوە بە هەموو هێزییەوە سەرکەوتوانە بەردەوام".
هـ.هـ