لە شەهبای عەفرین شارێک لە چادر دروست دەکرێت

هاووڵاتیانی عەفرین، کە دوای هێرشی داگیرکارانەی سوپای تورکیا و چەتەکانی قاعیدە و داعش بۆسەر عەفرین بە ناچاری ڕوویان کردە کانتۆنی شەهبا، لە ناوچەکەدا شارێک لە چادر دروست دەکەن.

 

دوای هێرش و داگیرکاریی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، سەدان هەزار هاووڵاتی عەفرین بە ناچار ڕوویان کردووەتە کانتۆنی شەهبا، و لە دۆخێکی زەحمەتدا قۆناغی دویەمینی بەرخۆدانی سەردەم بەردەوام دەکەن. ئێستاکە سەدان هەزارهاووڵاتی عەفرین لە کانتۆنی شەهبادا لە ناو خانووە مین ڕێژکراوەکان، حەوشەی ماڵان و لە ناوی ئۆتۆمبێلەکاندا و لە شەرت و مەرجێکی سەختدا ژیان دەکەن.

دوای ئەوەی سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بە ئامانجی قڕکردنی کوردان هێرشیان کردە سەر عەفرین، بە سەدان هەزار هاووڵاتی عەفرین ناچاربون بەس بە جلەکانی بەریانەوە  بەرەو هەرێمی شەهبا کۆچ بکەن. چەتەکانى سوپاى تورکیاش ماڵ و حاڵ و کارگەکانی عەفرینی تاڵان کردووە 

بەڵام سەرەڕاری هەمو ئەمانە، گەلی عەفری هەوڵ دەدات جارێکی دیکە خۆیان بەرێکخستن بکەنەوە و درێژە بە بەرخۆدانی خۆیان بێنن.

بەڕێوەبەرایەتیی کنتۆنی شەهبا و عەفرین بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی گەل دابین بکەن لە هەوڵدانێکی بێ وەچاندان، بە دەرفەتە کەمەکانی بەردەستیان لە سنووری گوندەکانی فافینن و وەحشییە-ی کانتۆنی شەهبا، خەریکی دامەزراندنی شاری چادرەکانن بۆ هاووڵاتیانی عەفرین.

عارف ئەمین هاووڵاتیێکی عەفرینە و باس لەوە دەکات، کە بە هۆێ هێرشی قڕکردنی سوپای تورکیا لە عەفرین بەرەو هەرێمی شەهاب هاتووە و وتى جگە لە هەرێمەکانی جزیر، فورات و کانتۆنی شەهبا، تائێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیداری و ڕێکخراوى مرۆی و ناوچەیى، یارمەتی بۆ گەلی عەفرینی نەناردووە، بەڵام هاووڵاتیانى عەفرین بە هاوکاریى هاووڵاتییانى جزیر، فورات   شەهبا لە سنووری  گوندەکانی فافینێ و وەحشییە شارێکیان لە چادر دروستکردووە.

وتیشى، ئێمە نەماندەویست خاکی خۆمان بەجێ بهێڵین، بەڵام ٦ مانگی دیکە بێت یا خود ساڵێک بە دڵنیاییەوە ئێمە دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، و دڵنیا بن کە تۆڵە لە دەوڵەتی تورکیا دەکەینەوە.

فەیسەڵ عەبدۆ یەکێکی دیکە لە کۆچبەرەکان دەڵێت: سەرەڕای کەمیی ئیمکانییەت، ڕیکخستنی هاوکاری ڕۆژئاوا، هاوکاریی مرۆیی بۆ ناردوون و لێرەدا شارێکیان لە چادر بۆ ئامادە کردووین.

لە درێژەدا وتی: تا کو ئێستا یەک هەزار چادریان بۆ ناردوین و خەریکی ئامادەکردن و دامەزراندنیانین.

خۆشناو عوسمانیش وتی: عەفرینییەکان جارێکی دیکە بەسەر ئەم دۆخە زەحمەتەدا زاڵ دەبن، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ویستى بەو هێرشە پەیوەندی و تۆکمەیى ئەوان و کۆمەڵگە تێکبدات و خەڵک پەردەوازەی شاران بکەن، بەڵام ئێمە لە دەوری یەک کۆدەبینەوە و خۆمان بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکەین.

خۆشناو لە درێژەی قسەکانی دا ووتی: نەتەوە یەکگرتووەکان  لە هەمبەر هێرشی سوپای تورکیا و چەتەکانی بێدەنگە و درێژە دەدات بەو بێ دەنگییە، تاکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی مرۆیی بۆ هاووڵاتیان عەفرین بەڕێ نەکردووە.

سوپای تورکیا سەدان هاووڵاتی کوشت و بریندار کرد و گوێى بە بڕیاری ئاگربەستی ئەنجوومەنی ئاسایش نەدا و بە سەدان هەزارکەسی ئاوارە کردووە و مۆڵک و ماڵی هاووڵاتیانی تاڵان کرد و ئێستاکە بە نیازە کەسانی هاوردە لە عەفرین جێگیر بکات.

 

ک.ش

ر.م