گروپی چەتە تیرۆریستیی حەمزات-ی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی شەرقییە هاووڵاتییەکیان بەناوی فوئاد عەلی ڕفاند و داوای فیدیە لە بنەماڵەکەی دەکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسەکەمان گەیشتوون، چەتەکان وەک فیدیە داوای ٥٠ ملیۆن لیرەی سووری-یان لە بنەماڵەی عەلی کردووە.
فوئاد عەلی ماوەیەک لەوە پێش و جارێکیتر لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندرابوو و بە ٢٥ ملیۆن لیرەی سووری ئازاد کرابوو.
ئاشکرا بوو لە گوندی شێبلێی سەر بە ڕاجۆش چەتەکان ٣ هاووڵاتیى تریان ڕفاندووە، محەمەد ئەحمەد تەمەن ٥٠ ساڵ، شوکری ئەحمەد تەمەن ٧٥ ساڵ و کەسێکی دیکەی تەمەن ٣٢ ساڵ کە ناوەکەی نەزانراوە.
چەتەکان جەژنی قوربانیان بە هەل زانیوە و بەزۆر باج و خەڕاج لە خەڵک دەستێنن، بە تایبەت لە گوندەکانی بەلێ و قزلباشی ناوچەی بلبلێی عەفرین بۆ هەر کەسێک بڕی ٢٠٠ دۆلار باج و خەڕاج لە هاووڵاتیان دەسێنن.
لەو مانگانەی دواییدا کردەوە دژە مرۆییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی زیاتر بوون، بۆردومان، دەستگیرکردن و فڕاندن، ئەشکەنجەدان و گرتن بووەتە کاری رۆژانەى چەتە تیرۆریستەکان.
لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە سەدان هاووڵاتی لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێنراون و تەنها لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی مانگی تەمووزدا زیاتر لە ٣٠٠ هاووتیى تر لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێنراون.
عەفرین لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دایە. دەوڵەتی تورک ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ /٣٠ بەفرانبار هێرشی کردە سەر عەفرین و لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ / ٢٧ی ڕەشەمە شارەکەی داگیر کرد. لەو هێرشە داگیرکارییانەوە هەتا ئێستا بە شێویەکی بەرنامە بۆ دانراوە تاوانی شەڕ و دژ بە مرۆڤایەتى لە دژی هاووڵاتییانى عەفرین ئەنجام دەدرێن. هەموو ڕۆژێک دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن و هاووڵاتییان دەڕفێنن تاوەکو مەبەستی فیدیە-یان لێوەربگرن و بۆ ئەوەش خەڵک ئەشکەنجە دەدەن و بە ئەنقەست هاووڵاتییان دەکوژن و تیرۆریان دەکەن.
ژ.ت