لە ڕۆژی چوارەمی هێرشە داگیرکەریەکاندا بە بەرنامە خەڵکی سڤیل، نەخۆشخانە و خوێندنگە کرانە ئامانج

سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، دوێنی بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو، خەڵکی سڤیل و دامەزراوە زیندووەکانی کردوە ئامانج، لەو چوارچێوەیەشدا خوێندنگە و نەخۆشخانەی تۆبپاران کرد، لە بەرانبەریشدا هێزەکانی سوریا دیموکرات بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە.

سوپای داگرکەری تورک بەردەوامە لە تۆپبارانی شار و شارۆچکە و گوندەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە درێژایی سنوور، لەو تۆپبارانەشدا فڕۆکە و تۆپخانە بەکاردەهێنێت و دامەزاروە زیندووەکانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

سەرێ کانی

بە درێژایی دوێنێ، سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، لە ڕێگەی تۆپخانەکان و فڕۆکە شەڕخوازەکانیان، شوێنە جیاوازەکان و دامەزراوە زیندووەکانیان تۆپباران کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا، بازاری گشتی سەرێ کانی، نەخۆشخانەی رۆژ کە یەکێکە لە گەورەرترین نەخۆشخانەکانی هەرێمەکە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکاری یاسا نێودەولەتییەکانە.

هاوکات ئەو نەخۆشخانە مەیدانییانەش تۆپباران کراون کە بریندارەکانی بۆ دەگوازرانەوە، هەروەها ئۆتۆمبیلە ئەمبۆلانسەکانیش کراونەتەوە ئامانج.

لە لایەکی دیکەشەوە خوێندنگەی گوندی سالحیە-ی رۆژئاوای سەرێ کانی بۆردومان کرد، ئەوەش پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

هاوکات لەگەڵ ئەو بۆردومانانە، سوپای داگیرکەر و چەتەکانی، هەوڵیان دا لە ڕێگەی زەمینییەوە دزە بکەنە ناو سەرێ کانی، ئەمەش لە ڕێگەی ٣ هەزار چەتە و سەربازی تورک دەستیپێکرد، هێرشەکە لە سێ قۆڵەوە بۆ سەرێ کانی کرا، لە باکور لە حەوارنەوە، لە رۆژهەڵات لە ناوچەی پیشەسازییەوە، لۆ رژئاواش لە شارەدێی تەل حەلەفەوە.

هێزەکانی سوریا دیموکرات بەرپەرچی هەموو هێرشەکانی دایەوە، لە میانەی شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێدا، ٧ ئۆتۆمبیل، سێ ئۆتۆمبیلی دۆشکە بەسەر تێکشکێندران، هاوکات ٧٥ چەتە و سەربازیش کوژران و ١٩ کەسی دیکەشیان بەدیل گیران.

گرێ سپی

لە شارۆچکەی گرێ سپی-ش، وێڕای ئەوەی دەیان هەزار کەسی سڤیل لەناو شارەکەدا دەژین، هەروەها سەدان کەسی دیکەی شارەکانی تەبقە و رەقە و منبج کە هاتونەتە هاریکاری خەڵکی گرێ سپی، تۆپخانە و فڕۆکە شەڕخوازەکانی تورک بەردەوام بوون لە بۆردومانی شارەکە.

لە میانەی ئەو بۆردومانانەدا، فڕۆکە شەڕخوازەکان بە ئەنقەست نزیک شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی سڤیلیان کردوەتە ئامانج لە گەڕەکی عەین عروس لە باشوری شارەکە، ئەوەش بەو مەبەستە دەکرێت کە ترس لەناو خەڵکی سڤیل دروست بکات و ناچاریان بکات شارەکە بەجێ بهێڵن، بە شێوەیەک کە مووشەکەکان دەیان مەتر لە نزیک خەڵکی سڤیل دراون.

هەروەها فرۆکە شەڕخوازەکان، ریزە ئۆتۆمبیلێکی خەڵکی سڤیلیان کردە ئامانج کە لە رەقەوە بەرەو گرێ سپی دەچوون، ئەوەش بوە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکیان.

شەوی ڕابردوو تۆبپاران بەردەوام بوو و فڕۆکەکانیش بەسەر شارەکەدا دەسووڕانەوە.

قامیشلۆ

سوپای تورکی داگیرکەرن گەڕەکەکانی رۆژئاوای قامیشلۆی تۆبپاران کرد کە بریتین لە قەنات سویس و قەدور بەگ، هەروەها نیشانەشکێنەکانی سوپای داگیرکەر لەسەر سنوور خەڵکیان کردە ئامانج لەسەر رێگەی گشتی قامیشلۆ.

هەروەها تۆپخانەکانی سوپای تورک وێتسگەی کارەبایان کردە ئامانج، ئەوەش بووە هۆی زیانێکی زۆر بە سێکتەری کارەبا و بڕانی کارەبان لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی قامیشلۆ.

هەروەها گوندەکان رۆژهەڵاتی قامیشلۆ ڕووبەڕووی تۆپبارانی سوپای تورکی داگیر کەر بوونەوە، بەتایبەتی گوندی کرکی زیرا، بەیانی و ئێوارەکەی بەردەوام فڕۆکە شەڕخوازەکانی بەسەر ئاسمانی قامیشلۆدا سووڕاونەتەوە.

لەسێدارەدان رووی راستەقینەی تورکیا ئاشکرا دەکات ... جیاوازیان لەگەڵ داعش نییە

چەتەکانی سوپای تورکیا و هەواڵگرییەکانیان، دزەیان کردە سەر رێگای گرێ سپی، خەڵکی سڤیلیان ڕاگرتووە کە بەو ڕێگەیەدا هاتووچۆیان کردووە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردوە کە تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک دەسەلمێنێت، ئەو تاوانانەش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ رەفتارەکانی داعش نییە کە لە گۆڕەپانەکان خەڵکی سڤیلیان لەسێدارە دەدا.

هەروەها هەڤرین خەلەف، ئەمینداری گشتی حزبی سوریای ئایندە لە بۆسەیەکی چەتەکان لەسەر رێگای نێودەوڵەتی شەهید کرا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات چوونە ناوچەکە، چەتەکان لەو شوێنە هەڵاتن.

چوار کەسی سڤیل شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون

بۆردومانەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر خەڵکی سڤیل بەردەوامە، بۆ ئەوەی بیانترسێنێت و ناچار بن ناوچەکانیان بەجێ بهێڵن، لەو چوارچێوەیەشدا کچێکی گەنج بەناوی ئیمان ئیبراهیم تەمەن ٢٤ ساڵ شەهید بوو، ئەوەش لە دەرەنجامی پێکانی بوو بە قەناس لە سەر سنووری نسێبین.

هەروەها گەڕەکەکانی رۆژئاوای شاری قامیشلۆش بۆردومان کران، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی بریندار بوون، بەڵام بە تەواوەتی ژمارەیان نەزانراوە.

لە میانەی تۆپبارانەکان بۆ سەر گوندی کرکی زیرا، لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ، دوو برا بە ناوەکانی نەواف و فەهد بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی تۆبپارانی تورکیا بۆ سەر فڕنێکی ئۆتۆماتیکی، دوو کەسی سڤیل شەهیدبوون کە ناوی یەکێکیان زانراوە 'حەسەن سلێمان علی'. هاوکات شەش کەسی دیکەش بەهۆیەوە بریندار بوون کە بریتی بوون لە هەریەک (حەسەن ناسر ئەسوەد، مونیر خزر عەلاوی، فازل جدعان تەقتەق، حەبیب محەمەد رەشاد).

لە میانەی تۆپبارانکردنی گوندەکانی دێرک، هاوڵاتییەکی سڤیل شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

د.خ