وته‌بێژی یه‌په‌گه: ئێمه له یه‌ك كاتدا له به‌رانبه‌ر داعش و ئه‌ندازیاری دروستكردنی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ین
وتەبێژی یەپەگە ڕایگه‌یاند، ئێستا ئه‌وان له یه‌ك كاتدا له به‌رانبه‌ر داعش و ئه‌ندازیاری دروستكردنی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
وتەبێژی یەپەگە ڕایگه‌یاند، ئێستا ئه‌وان له یه‌ك كاتدا له به‌رانبه‌ر داعش و ئه‌ندازیاری دروستكردنی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
نوری مەحموود، وته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل - یه‌په‌گه لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات، ئاستی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای لە ٣٧-ەمین ڕۆژی هێرشەکاندا و ڕۆڵی گرووپەکانی سەر بە سوپای سووریا کە بۆ پاراستنی عەفرین هه‌توونه‌ته هەرێمەکە، هەڵسەنگاند.
«له‌گه‌ڵ داعش و نووسره هێرش ده‌كات»
وته‌بێژی یه‌په‌گه ڕایگه‌یاند: دەسەڵاتداره‌تیی ئەردۆغان بە هاوکاری ئەو گرووپانەی کە لە ئەفغانستان، گۆرسنی، عێراق، لیبیا و زۆرێک لە وه‌ڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکی تیرۆرن و هەروەها لە وه‌ڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا-ش کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هێرش دەکاتە سەر گەلی عەفرین.
وتیشی: سوپای تورکیا کە ئەردۆغان ناردوویەتی بۆ شەڕی عەفرین، شانبەشانی داعش و بەرەی نووسرە هێرش دەكاته سەر عەفرین.
«لە دژی گەلان چەپەڵترین ڕێگه و هەموو جۆرە چەکێک بەکاردێنن. دەڵێن موسوڵمانین بەڵام هێرش دەکەنە سەر مزگەوتەکان. سەرچاوەکانی ئاو، خوێندنگە، نانەوەخانە و کاروانی ئۆتۆمبێلی کۆمەڵگەی سیڤیل کە دەچوونە عەفرین. ته‌نانه‌ت دوایین جار چەکی کیمیاویشیان بەکارهێنا.»
«عه‌فرین، كراوه‌ته قوربانی قه‌یرانه ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی جیهان»
وته‌بێژی یه‌په‌گه، وتی: ئەردۆغان ئەندازیاری تیرۆرە. ئێستاش لە بەرانبەر بەرخۆدانی شەڕڤاناندا بێ چارە و تەنگاو بووە، هەر بۆیە دەیەوێ لێرە هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی ژیان وشك بكات. چۆن ئەوە دەکات؟ بێ گومان بە فرۆشتنی تورکیا و گەلانی تورکیا بە وه‌ڵاتانی جیهان ئەو کارە دەکات. با گەلانی تورکیا بەباشی لەوە تێبگەن.
«دەسەڵاتداره‌تیی ئەردۆغان، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی دیکە چاوی خۆیان لە ئاست تاوانەکانی بگرن، لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە خەریکی سهوداكارییهكی چەپەڵە. تورکیا لە بواری جوگرافیاوه شوێنێکی ستراتیژییه و دەروازەی [تروا]یە کە ئەورووپا و ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە مێژوودا ئەو جوگرافیایه هەمیشە ناكۆكی له‌سه‌ر بووه، بۆیه جیهان نایه‌وێ له توركیا ئارامی هه‌بێت. بێ گومان ئەردۆغان-یش ئەوە وەکوو دەرفەتێک به‌كاردێنێت و لەگەڵ ڕووسیا، سووریا و شوێنی دیكه بازرگانی ده‌كات. ئەو وه‌ڵاتانە بەهۆی بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارییانهی خۆیان، هەوڵ ده‌ده‌ن توركیا پارچە پارچە بكه‌ن. هەروەها بۆ ئەوەی کە لە ناوچەکەدا هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیموكراتی سه‌رهه‌ڵنه‌دا، هێرش دەکەن.»
نووری مه‌حموود ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، جیهان لە ئاست ئەوە بێ دەنگە، چونكه عەفرین و سووریایان کردووەتە قوربانیی قەیرانە ئابوورییەکانی ده‌وڵه‌تانی جیهان. شەڕی خۆیان هێناوەتە سووریا و گەلی ئێرەیان کردۆتە قوربانی. هەموو کەس بەباشی دەزانێت کە ئەو شەڕەی ئێستا لە عەفرین دەکرێت، لەگه‌ڵ هیچ ئه‌خلاق و قانوونێك یه‌كناگرێته‌وه. بەڵام دەنگ ناکەن. ئەوە بە تەواوی تیرۆریزمە.
«ئێمه هیوای هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ترمان له سوپای سووریا هه‌یه»
نوری مەحموود، وته‌بێژی یه‌په‌گه دەربارەی هاتنی چەند یەکەیەکی سەر بە سوپای سووریا بۆ عەفرین وتی: بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە پاراستنی عەفریندا، ڕۆژی ٢٠ی شوبات/١ی ڕەشەممە، چەند یەکەیەکی سوپای سووریا هاتنە نێو عەفرینەوە.
«ئێمە پێمانوایە کە پاراستنی خاکی سووریا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆی سوپای سووریایە. هەر بۆیە ئێمە داوامان لێ کرد کە یەکپارچەیی سووریا بپارێزن. بێ گومان هەرکەسێک هەوڵ دەدات بە گوێرەی خۆی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات. ئەوەی کە ئێمە کردوومانە، داوا کردنە لە سوپای سووریا بۆ ئەوەی سنوورەکانی وه‌ڵاتەکەی لە بەرانبەر هێرشی دەرەکی بپارێزێت. بەڵام ئەو چەند یەکەیەی کە هاتوون، خاوەنی ئەو هێزە نین کە بتوانن پارێزگاری لە سنوورەکانی عەفرین بکەن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه عه‌فرین ده‌پارێزین، ئەوانه‌ی کە لێرە شەڕ دەکه‌ن یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە-ن. سەرەڕای ئەوەی کە ٤ ڕۆژە هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا هاتوونەتە ئێرە، به‌ڵام هێشتا تورکیا به‌سه‌ختی هێرش دەدات. هێرشی تانک و فڕۆکەکان زۆر قورس‌تر بووە. هەتا ئێستاش هەر تیرۆریستەکانی خۆیان دەنێرنە هەرێمەکە. له‌به‌رئه‌وه ئێمە چاوه‌ڕوانین بزانین ئه‌و سوپایه ده‌توانێت سووریا بپارێزێت یان نا. له‌و باره‌یه‌وه ئێمه هێشتا هه‌نگاوێكی ڕاسته‌قینه‌مان له سوپای سووریا نه‌بینیوه. هەر بۆیەش هێزەکانی ئێمە لە حه‌له‌ب-یشەوە هاتنە عەفرین. ئێمە هەتا دوایی خۆڕاده‌گرین. دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە عەفرین به شه‌ڕی گەلان بەرخۆدان دەکات و هەتا دواییش بەردەوام دەبێت.»
«له دێره‌زۆر له به‌رانبه‌ر داعش و له عه‌فرین له به‌رانبه‌ر ئه‌ندازیاری دروستكردنی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ین»
وتەبێژی یەپەگە، ڕایگه‌یاند: تورکیا و ڕووسیا ڕێككه‌وتن، به‌و شێوه‌یه هێرش بۆ داگیركردنی عەفرین دەستی پێ‌کرد. یه‌كێك له ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌و هێرشه ئه‌وه‌یه کە ڕێ له سەرکەوتنەکانی قەسەدە لە دێرەزۆر بگرن.
«ئێمە لە دێرەزۆر بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان سەرکەوتنی گەورەمان به‌ده‌ستهێنا. هێندەی نەمابوو کە ئێمە بە یەکجاری کۆتایی بە داعش بێنین و مژده‌ی ئارامی بدەین بە گەلانی سووریا. له لایه‌كی دیكه‌وه دەرفەتی گفتوگۆ به به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ ئارامی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی سووریا دروست بووبوو. لەو کاتەدا ڕووسیا و تورکیا ڕێککەوتن و بۆ ئەوەی کە ئێمە لە دێرەزۆر تەنگاو بکەن، هێرشیان کردە سەر عەفرین.»
نووری مه‌حموود ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئه‌وان ئێستا هەم لە دێرەزۆر و هەمیش لە عەفرین لە شەڕدان. لە دێرەزۆر لە دژی داعش و لە عەفرین-یش لە دژی ئەو تیرۆریستانەی کە دەسەڵاتداره‌تیی تورکیا هێناونی دەجەنگن. وته‌بێژی یه‌په‌گه ده‌ستنیشانی كرد، شەڕ کردن لە دوو بەرە و لە دژی هەردوولا ئاسان نییە. سەرنجی مرۆڤ بڵاو دەکات و سه‌رنجی مرۆڤ ده‌باته شوێنێكی دیكه. ئێستا ئێمە هەم لە دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ین هەم لە دژی ئەندازیاری دروستكردنی داعش.
وتەبێژی یەپەگە لە كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند: ئەگەر لێرە پڕۆژەیەکی دیموكراتی بنیات نەنرێت و سیستەمێکی ئەخلاقی و یاسایی نەخرێتەڕوو، ئەو بارودۆخەی هاتۆتە ئاراوە ده‌بێته مه‌ترسی له‌سه‌ر هەموو جیهان. هەربۆیە پێویسته له بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر عەفرین، بێده‌نگی نه‌بێت. ئێمە بەیەکەوە شەڕمان لە دژی داعش کرد و هەموو جیهانمان لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە پاراست.
S.M