پلانی هاوبەشی داگیرکاری تورکیا، ڕژێمی سوریا، ڕووسیا و ئێران

میت و موخابەرات بە نێوەندگیری ڕووسیا و ئێران لەمدواییانەدا ژمارەیەک دانیشتنیان ئەنجامدا. دەوترێت، لە دانیشتنەکاندا داوای داگیرکردنی باکووری سوریا کراوە و دواتر بە پێی ڕێککەوتنی ئەدەنە لەنێوانیاندا دابەشی بکەن.

بە پێی زانیاریەکان، دەستهەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بۆ داگیرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدوای دەرفەتێکدا دەگەرێن و بە نێوەندگیری ڕووسیا و ئێران، چەندین دانیشتن لە نیوان تورک و ڕژێمدا ئەنجامدراوە. ڕاگەیەندرا دانیشتنەکان لە تاران، مۆسکۆ، بەغدا و هومەیمین ئەنجامدراون. هاکان فیدان سەرۆکی میتیش بەشداری لە ژمارەیەک دانیشتندا کردووە و دانیشتنەکان بە پیێ ڕێککەوتنی ئەدەنە بەردەوامە.

دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتنی 'ئاسایشی سنور'ی لە ٥-٦-٧ی ئابدا لەگەڵ ئەمریکا ئیمزاکرد و لەسەرەتادا بە ئەرێننی بینی. بەڵام تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک دوای سەردانی ٢٧ی ئاب بۆ مۆسکۆ، ڕێککەوتنەکەی ڕەتکرد و بۆ داگیرکردنی هەرێمەکە گلۆپەکەی هەڵکرد. هەوڵەکانی داگیرکاری دوای کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان، پوتین و ڕۆحانی لە ئەنقەرە زیاتر بوون.

دانیشتنەکانی تەهران، مۆسکۆ و همەیمین

بە پێی زانیاریەکان، ڕژێمی ئەردۆغان کە تا ئێستا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لەگەڵ ڕژێمی سوریا پەیوەندی هەبوو، دوای کۆبوونەوەی ئەنقەرە دانیشتنەکانیان زیاتر بوون. بە پێی زانیاریەکان لە هومەیمین، تاران و مۆسکۆ ژمارەیەک دانیشتن ئەنجامدراون و هاکان فیدانیش بەشداری لە دانیشتنەکاندا کردووە. لە میدیاکانیشدا ڕاگەیەندرا مستەفا شەنتۆپ سەرۆکی پارلەمانی تورکیاش لە بەغدا لەگەڵ ڕژێم کۆبووتەوە.

ڕژێمی ئەردۆغان، لەپێناوی دوژمنایەتی کوردان، دانوستان و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ بەشدار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دەستپێکردەوە. تا ئێستا پێی دەوترا 'ئەسەدی بکوژ وڵاتی هەڵوەشاند و سووتاند'. بەلام لە ئێستادا ڕیککەتنی ئەدەنەی ١٩٩٨ ئامادە دەکەنەوە، لە سەر خاڵی هاوبەش ڕێکدەکەون. لقی ئاڤراسیا و ئەرگەنەکۆنی ڕژێمی ئەردۆغان دەلێن، ڕیککەتنی ئەدەنەش بەشی ناکات، بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببەین.

هێڵی ٥ کیلۆمەتری

دەوترێت لە دانیشتنی نێوان میت و ئیستخباراتی سوریا کە بە نێوەندگیری ڕووسیا و ئێران ئەنجامدراون، بەلێنیانداوە، ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە هەرێمەکە بۆ پارچەکردنی خاکی سوریا نەبێت. بۆ هەڵوەشاندنی پێگەی کوردان ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدەدرێت و دوای ئەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە کشایەوە، لە چوارچێوەی ڕیککەوتنی ئەدەنەدا تورکیا دەکشێتەوە سەر ٥ کیلۆمەتری سنور.

بەشی ڕژێم چی دەبێت؟

لە چاوپێکەوتنەکاندا ئاماژە بەوەکراوە، دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ڕژێمی تورکیا دیرەزۆر، تەبقا و حەسەکە دەکەونە ژیر دەسەڵاتی ڕژێم و دواتر تورکیا لە ناوچەکانی دیکەی باکووری سوریا دەکشێتەوە و لە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر لە سەر سنور جێگیر دەبێت. دەوترێت پلانەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی فوراتە، هەروەها لە جەرابلوس، حەزاز، باب، عەفرین و ئیدلبیش پلانەکە جێبەجێدەکرێت.

دەرکردنی ئەمریکا لە هەرێمەکە

ڕووسیا و ئێران هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕیککەوتنەکە هاوپەیمانی نێودەولەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەرێمەکە دەربکەن و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە پلانەکە دەکەن. بە پێی زانیاریەکان، ڕووسیا نمونەی ئەوەی هێناوەتەوە، دوای داگیرکردنی عەفرین هەندێک گەڕەکی حەلەب لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگە/یەپەژە دا بوون و شەهباش کەوتووتە دەستی ڕژێمی سوریا.

نیشانەکانی پشتگیری بۆ پلانەکە

پلانەکە کە لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی دەوڵەتی تورک و ڕژێمی سوریادا قسەی لەسەرکراوە، نازانرێت بە تەواوی قبوڵکراوە یان نە. بەلام سەرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، تورکیا نیگەرانە و مافی خۆیەتی و باسی رێککەوتنەکەی ئەدەنەی کرد. هەروەها ڕژێمی سوریاش هەوڵ دەدات هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەک تیروریست لەقەلەمبدات. حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێرانیش ڕێککەوتنی ئەدەنە وەک چارەسەری نیشان دەدات.

ف.ق