چەتەکانی داعش دەیانەوێت هەلی سەرقاڵبوونی قەسەدە بقۆزنەوە

ژن و منداڵانی چەتەکانی داعش لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوا، دەیانەوێت هەلی سەرقاڵبوونی هێزەکانی سوریا دیموکرات بە بەرپەرچدانەوەی هێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورک بقۆزنەوە، بەو مەبەستەش دەستیان بە گێرەشێوێنی و کاری تێکدەرانە کردووە.

کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان هەزاران ژن و منداڵی چەتەکانی داعش لەخۆدەگرێت، کە بە مەترسیدارترین کەمپ لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.

بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاو کراوەتەوە: "ژنانی چەتەکانی داعش لەناو کەمپەکە دەستیان بە کاری تێکدەرانە و گێرەشێوینی کردووە، چەند کەسێکیشیان هەوڵی هەڵاتنیان داوە".

سەرچاوەیەک لە کەمپەکە هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی هاوار پشتڕاست کردوەتەوە و ئەوەشی وتووە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستیان بەو کارە تێکدەرانەیە کردووە، بەڵام لە دوێنێ ئێوارەوە ئامادەکاریی بۆ دەکەن".

ف.ق