چەپەرەکان ؛ تەنیا ٣٠٠مەتر لە داعشەوە دوورن

هەڵمەتی تۆفانی جزیرە لە شەشەمین مانگی دا بەردەوامە. لە شارۆچکەی هەجین، لە نێوان شەڕڤانانی هەسەدە و چەتەکانی داعشدا، شەڕی قورس ڕوو دەدەن و سەنگەرەکان ٣٠٠مەتر لەیەکەوە دوورن.

هەڵمەتی گردەلولی جزیرە کە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە/ یەپەژە و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوورەوە لە ١٨ی خەرمانان/٩ی ئەیلول دەستی پێکردووە، شەش مانگە بەردەوامە.

 هەڵمەتەکە لە دوو بەرەوە لە دژی چەتەکانی داعش دەستی پێکرد. بەرەی یەکەم لە کەناری ڕوباری فورات و بەرەی دووهەمیش لە بیابانەکانەوە. هەموو گوندە گەورەکان هەر لە ئەبو-هەمامدان هەتا خەرانیج، لە دست داعش ڕزگار کراون. لە هەرێمەکانی هەجین و بەحران، هەڵمەتەکە بەردەوامە و لە چوارلاوە دەوری چەتەکانی داعش گیراوە. بۆ ئاگاداربوون لە هەڵمەتی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک لەو دەڤەرە، ڕوومان کردە چەپەرەکانی هەسەدە لە شارۆچکەی هەجین. بەهۆی ئەوەی کە لە ڕۆژدا بەردەوام شەڕ ڕوودەدا، ئێمە لە ئێوارەدا چووین. کە ولات تاریک داهات ئێمەش لەگەڵ زرێپۆشێک کە تەقەمەنی بۆ شەڕڤانان دەگواستەوە، سوار بووین و چوینە لای شەڕڤانان.

 

لە گوندەکەدا نە ڕووناکی دەبینرێت و نە مرۆڤ. تەنیا دەنگی تەقە و فیشەک دەبیسرێ. زرێپۆشەکە ئێمەی بە کۆڵانێکی تاریکدا تێپەڕاند و لەبەردەم ماڵێک ڕاوەستا. لەنێو تاریکیدا سەرەتا دوو شەڕڤانی ژن وەدیار کەوتن. بە بزەوە کوتیان؛ وەی بەخێربێن، ئێوە هاتوونەتە سەردانی گوندەکەی ئێمە؟ دواتر ئێمە لە گەڵ ئەوان بە کونێک کە لە دیوارەکەدا درووست کرابوو، چووینە نێو ماڵەکەوە. دەوروبەری ئێمە پڕبوو لە شەرڤان. هەموو بە زەردەخەنەوە دەیانکوت؛ 'مانگێکە چاوەڕوانی ئێوەین'. ئەو شەوە ئێمە لەوێ ماینەوە. بەرەبەیان ئێمە بەدەنگی گولـلە لە خەو هەستاین. پڕم دا کامێراکە و بۆ کێشانی دیمەنەکە چوومە دەرێ. کۆمەڵێک لە شەڕڤانان شەڕیان دەکرد و کۆمەڵێکی دیکەش خەریکی درووست کردنی سەنگەر بوون، چەند هەڤاڵێک خواردنی بەیانییان ئامادە دەکرد. دوای شەڕێکی نیو کاتژمێری، بێدەنگی باڵی بەسەر گوندەکەدا کێشا. یەکێک لە شەڕڤانان کە دیتی من لەوێ ڕاوەستاوم هات بۆ لای من و پێی وتم ''ژیانی ئێمە لێرە ڕۆژانە ئاوایە و شەڕ ئیدی بۆ ئێمە بۆتە شتێکی ئاسایی''.  

شەڕڤانان و چەتەکانی داعش، تەنیا ٣٠٠مەتر لە یەکەوە دوورن. چەتەکان بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر خۆیان بشکێنن، زوو زوو هێرش دەکەن بەڵام هەموو هەوڵدانەکانیان لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکدەشکێنریت. شەڕڤانێکی یەپەگە کە نێوی 'حەسەن'ە پێی کوتین ''چەتەکانی داعش هەتا ئێستا زۆر جار هێرشیان کردۆتە سەر ئێمە بەڵام هەموو هەوڵ و تەقەلایەکیان بێ‌ئەنجام بووە. هەڵمەتەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت و لەو هەڵمەتەدا ئێمە کۆتایی بە داعش دێنین".

شەڕڤانێکی دیکەی یەپەگە بە نێوی 'تەلال'یش دەڵێ؛ ''ماوەی ٣٧ڕۆژە لە گوندی هەجین-ین. لەو ماوەیەدا چەتەکانی داعش ٦جار هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانمان. ئێمە هەموو هێرشەکانمان شکاندووە. بە هەموو شێوە و چەکێک شەڕ دەکەن، بەڵام هەموو جارێ ئێمە هێرشەکانیان دەشکێنین. ئەو هێزانەی داعش کە لە عێراق و شوێنەکانی دیکەوە هەڵاتوون، هاتوونەتە ئێرە و لێرە کۆبوونەتەوە. هاوکات لە خەڵکی مەدەنی-ش وەکوو قەڵغانی مرۆڤی کەڵک وەردەگرن. هەر بۆیەش ئێمە ئاگامان لە ڕەوشەکە هەیە و بە هەستیارییەوە دەجووڵێینەوە".