«کرستیانەکانی عەفرین و كه‌نیسه‌ و مه‌زاری مارمارون لەژێر مەترسیدان»

کریستیانەکانی عەفرین، بانگەوازییەکی بەپەلەی بەهانەوەچوونیان ئاڕاستەی جیهان کرد و ڕایدەگەیەنن: پێویستە بەخێرایی کرستیانەکانی عەفرین و كه‌نیسه‌ و مه‌زاره‌كانیان لە هێرشەکانی تورکیا و گرووپه‌چەتەکانی بپارێزرێن.

لە نامەیەکدا بەناونیشانی «بانگەوازێکی بەپەلە»، کرستیانەکانی نێو شاری عەفرین و دەوروبەری، که ئێستا لەژێر بۆردومان و هێرشی سەخت دان،  داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، هەرچی زووە فریایان بکەون و لە هێرشە قڕکەرەکانی تورکیا و گرووپه‌چەتەکانی ئەلقاعیدە و بەرەی نووسرە بیانپارێزن. ئاشکراشی دەکەن، کەنیسە و مەزاری دێرینی یەکێك لە پێشەوایانی ئایینی کرستیانی بەناوی «مارمارون» له‌ به‌رده‌م مەترسی لەناوچووندان.

لە بانگەوازییه‌کەدا، کرستیانەکانی عەفرین ئاماژەیان بۆ هەوڵەکانی تورکیا و گرووپه‌چەتەکانی كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی قڕکردن و کۆچبەرکردنی کوردان بە هەموو ئایین و ئایینزاکانیانەوە، هه‌روه‌ها گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمەکە. 

«ئێستا نزیکەی ۲٥۰ خێزانی کرستیانی بۆردومانی سه‌ختیان لە سەرە و لە لایەن گرووپه‌جیهادییە تیرۆرستییه‌کانەوە هەڕەشەی کوشتن و سەربڕینیان لێ دەکرێت. بۆیە وەک کەنیسەی ڕاعی ساڵح-ی عەفرین، یه‌کەم داوا لە خودا دەکەین كه‌ هاوکار و پارێزەرمان بێت، دووەم خوازیارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و باوەڕدارانی عیسا مەسیح-یش بەخێرایی بەهانامانەوە بێن و بمانپارێزن.»

جێگه‌ی ئاماژەیە، کەنیسە و مەزاری «مارمارون»، دەکەوێتە نزیک گوندی برادیی عەفرین و لە ساڵی ۲۰۰٤ دۆزراوەتەوە. بە گوێرەی چەندین بەڵگە و بەدواداچوونی مێژوونوسان و کرستیانناسان، مارمارون یەکێک بووە لە پێشەوایانی دەستپێکی ئایینی کرستیانی و نزیکەی ۱٦۰۰ ساڵ بەر لە ئێستا ژیاوە. سەربارەت بە گوندی برادی-ش، دەگوترێت ناوەکەی لە وشەی کوردی «ئاد»ەوە هاتووە، کە هێمایە بۆ کەسایەتی گەورەی ئاینی ئێزدی «شێخ ئادی\شێخ عەدی» كه‌ ۲ سەدە بەر لە له‌دایکبوونی عیسا مەسیح ناوی گونده‌كه‌ لە بەڵگەنامە مێژووییه‌کاندا هاتووە و ئاوەدان بووە و لە دەوری پەیکەری خوداوەندێک ماڵەکانی گوندەکە دروستکراون. پاش دۆزینەوەی مەزاری مارمارون، کەنیسەی مارونی بڕیاری داوە بکرێتە شوێنی حەج، ئیدی گوندەکە بووەتە ڕووگە و شوێنی حەجکردنی کرستیانەکانی کوردستان، سووریا و جیهان. 

s.m