کۆنفیدراسیۆنى کۆمەڵگەکانى میزۆپۆتامیا لە ئەڵمانیا (کۆن مەد - KON-MED) بە بۆنەی رۆژی ١٥ی ئایار / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) رۆژی جەژنی زمانى کوردی راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتى کۆماری تورکیا کە لەسەر بنەمای لەناوبردن و سڕینەوەى کورد دامەزراوە، بۆ ئەوەى زمانى کوردی لە ناوببات و کوردستان لە بیر و هۆشی مرۆڤەکان دا بسڕێتەوە بەشێوەیەکى ستراتیژیانە ئەوەى لە دەستهاتووە ئەنجامیداوە.
کۆنفیدراسیۆنى مەد سەرنجی راکێشاوەتەوە سەر گوشار و زۆرداریى دژ بە رۆشنبیری و زمانی کوردی و رایگەیاندوە "١٥ی ئایار / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) جەژنی زمانى کوردییە، کە لەسەر پێشنیازی ئەدیبان و زانایانى زمانی کوردی کراوە بە رۆژی جەژنی زمانى کوردی و ئەوەش رۆڵێکى زۆر گەورە و گرنگی لە پێشبردنى زمانى کوردیدا گێڕاوە.
ئێستا لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان خوێندنگەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیى و ٣ زانکۆی جیاواز بە زمانی کوردی وانە دەڵێنەوە و خوێندکاران پەروەردە دەکەن. دەیان ئەنیستیتۆ و پەیمانگەى کوردی دامەزراوە و لە زانکۆکانى ئەوروپا بەشی زمان و ئەدەبی کوردی کراوەتەوە. ئەوانەش بۆ خاوەنداریکردن لە زمانی کوردی بوونەتە پاڵپشتێکى بەهێز و گەورە.
لە پێش هەموانەوە گرنگە ژنان و گەنجان و هەموومان ئاخافتن و قسەکردن بە زمانى دایک بۆ خۆمان بە ئەرکێکی نەتەوەیى بزانین و شانازیى پێوە بکەین. دەبێت ئاخافتن، نووسین و بیرکردنەوە بە زمانی دایک لە هەموو بوارەکاندا و لە هەموو ئاستەکاندا بەوشێوەیە لێکبدرێتەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا بانگەواز بۆ هەموان کراوە، کە لە هەموو ئاست و بوارەکانى ژیاندا بە زمانی دایک بدوێن و خاوەنداری لە چاند و رۆشنبیری و زمانی خۆتان بکەن.
ر.م