یەژەکە-س بانگەوازی بەشداربوونی بۆ ڕێپێوانی باسەل کرد

یەژەکە-س ڕایگەیاند کە لە هەموو شارەکانی سویسرا هاواری ئازادیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرز دەکەنەوە و داوای لە گەلی کورد و دۆستانی کرد بەشداری ڕێپێوانی گەورەی١٢ی تشرینی یەکەم بن لە باسەل.

یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زۆربەی شارەکانی سویسرا ستاندی ئاگاداری دەکەنەوە و سیستەمی ئەشکەنجە و جینۆسایدی ئیمرالی بە گەل دەناسێنن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی یەژە کە-س وەهایە: "پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ٢٦ساڵی تێپەڕاند. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨بەڕێوەچوو، بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا ڕوودەدەن مێژوویەکی زۆر گرنگە. هێزە ئیمپریالیستەکان و پەیوەندییە قووڵەکانی تورکیا بە پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ، ئامانجیان قوڵکردنەوەی ململانێکانی نێوان گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. بەم پیلانگێڕییەوە نەک هەر دەستێوەردانیان لە چارەنووسی گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد بەڵکوو لە داهاتووی گەلانی ناوچەکەش دەستوەردانیان کرد. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پیلانگێڕییە ئەوە بوو کە ڕێگری لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بکەن کە بۆ هەموو گەلان و بەتایبەتی بۆ ژنان ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش دەکات و نەتەوەی دێموکراتیک بەرهەم دەهێنت.

لەم پرۆسەیەدا کە ئێمە دەچینە ناو ساڵوەگەڕی پیلانگێڕی نێونەتەوەییەوە و لە هەمان کاتدا گۆشەگیری ڕێبەرایەتیمان چوارەمین ساڵ تێپەڕ دەکات. ڕێبەر ئاپۆ کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەرخۆدانی گەورەی ئەنجامداوە، بە هەڵوێست و پێگەی خۆی پیلانگێڕی پووچەڵ کردەوە. ئێمە وەک یەژەکە-س لە هەموو شوێنێک تووڕەیی خۆمان لە دژی کرداری نامرۆڤانە دژی ڕێبەرایەتیمان بەرز دەکەینەوە، چالاکی و ڕێکخستنەکانمان پەرە پێدەدەین و دەبینە بەشێک لەم بەرخۆدانە مەزنە. بڕیارمان بۆ بەرفراوانکردنی ئەم بەرخۆدانە لە هەموو کاتێک زیاترە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "تیشکی خۆر" لە هەموو شارەکانی سویسرا بە کۆبوونەوە و پانێڵ و پێشانگای فۆتۆگرافی و گردبوونەوە بۆ ئازادی رێبەرایەتیمان دەنگمان بەرز دەکەینەوە. ئێمە هەوڵدەدەین پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بگەیەنینە هەموو ژنان و گەلان. بۆیە داوا لە گەلی کورد و دۆستانمان و لایەنە دێموکراتیکەکان و بەتایبەتی ژنان دەکەین کە بە هێزەوە بەشداری هەڵمەتی ئازادیی بن و تێکۆشان بەرزتر بکەنەوە و هەروەها بەشداری ڕێپێوانی گەورەی ڕێبەر ئاپۆ بن کە لە ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٢:٠٠ لە شاری باسەل بەڕێوەدەچێت. دیسان داوا لە هەر کەسێک دەکەین لە ڕێپێوانەکەدا بەشدار بن.