سەبارەت بە رووداوەکانی حەڵەب و ناوچە جیاجیاکانی سوریا گیێر پێدرسۆن، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەو وڵاتە وتی: "پێشڕەوییەکانی دەستەی تەحریر شام کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەییەوە وەک تیرۆریست ناسراون و بە پێشڕەوییەکانی گروپە 'بەرهەڵستکارە' چەکدارەکان، لە هێڵی بەرەکان گۆڕانکاری دراماتیک روویدا. لە وڵاتێکدا کە ١٤ ساڵ شەڕی تێدایە، ئەو رووداوانە مەترسی گەورەن بۆ سەر مەدەنیەکان و لە رووی ئەمنی و ئاشتی نێونەتەوەیی و هەرێمایەتیەوە لێکەوتەی گەورەی بەدواوە دەبێت".
ئەنجامی ناسەرکەوتوویی هاوپەیمانی نێونەتەوەییە
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا داوای کرد هەمووان بە گوێرەی بنەماکانی پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانی مەدەنی بجوڵێنەوە و بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن و راشیگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ لە سەریا روودەدات، نیشانەی سەرنەکەوتنی هاوپەیمانی نێونەتەوەییە، هەروەها لێکەوتەی بەجێنەگەیاندنی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە".
سوریا مەترسی رووخان و هەڵوەشانەوەی لەسەرە
پێویستە لایەنە سورییەکان و هاوکارە نێونەتەوەییە دیارەکانیان، بۆ دۆزینەوەی رێگەی دەرچوون لە شەڕ بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری دانوستانی واتادار و بنچینەیی ببن. تا ئەوە نەکرێت سوریا مەترسی پارچەبوون و هەڵوەشانەوەی لەسەر دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا لەپێناو رێگری لە رشتنی خوێن، داوا لەسەرجەم لایەنە سوورییەکان و هاوبەشە نێونەتەوەییەکانیان دەکەم کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش بکەن و سەرنجیان لەسەر چارەسەرە سیاسییەکان بێت".