بونیادنانی شههیدگهكان بۆ كۆمه‌ڵگه‌كان، ڕێگه‌یه‌كه بۆ خاوه‌نداریكردن له شه‌هیدان و یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانی خۆیان به‌ختكردووه. به‌ڵام چه‌ته‌كانی داعش و ده‌وڵه‌تی توركیا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گۆڕستان و شههیدگهكان به كۆمه‌ڵگه ده‌ڵێت: «ڕێز له هیچ به‌هایه‌كت ناگرم.»
گۆڕستانه‌كانی گه‌لانی منبج له دوای كانوونی دووه‌می ٢٠١٤ له لایه‌ن داعش تێكدران. منبج له ٦ی حوزه‌یرانی ٢٠١٦دا له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی منبج، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی - قه‌سه‌ده و هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی داعش به «هه‌ڵمه‌تی شه‌هید فه‌یسه‌ل ئه‌بوو له‌یلا» ڕزگار كرا. گه‌لی منبج له ماوه‌ی ٢ ساڵدا هه‌م گۆڕستانه‌كانی خۆیان نۆژه‌ن كردنه‌وه، هه‌م شههیدگهیهكی دیكه‌یان دروستكرد.
له شه‌هیدگه‌ی منبج، شه‌هیدانی هه‌ڵمه‌تی ڕه‌قا و ته‌بقا به‌خاك سپێردراون. هه‌روه‌ها شه‌هیدانی ڕزگاركردنی منبج كه پێشتر له شوێنه‌كانی دیكه به‌خاك سپێردرابوون، گواسترانه‌وه بۆ شههیدگهكه.
گه‌لی منبج كه ڕێز له شه‌هیدانی خۆی ده‌گرێت، ئێستا له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كرێت. ئه‌وان هه‌رچه‌نده هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ریان بۆ سه‌ر گۆڕستانی گه‌ریلاكان له باكوور و باشووری كوردستان نهشبینیبێت، به چاوی خۆیان بۆردومانكردنی شههیدگهكانی عه‌فرینیان بینیوه.
بۆ یه‌كه‌م جار ئێمه له ٢ی نیسان\١٣ی خاكه‌لێوه سه‌ردانی شه‌هیدگه‌ی منبج-مان كرد. ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا گوێمان له بۆچوونه‌كانی گه‌لی منبج گرت.
«له‌گه‌ڵ ئازادكردنی منبج، شههیدگهكانی خۆمان بونیادنان»
كیفایا عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، له دوای ئازادكردنی منبج ده‌ستیان به بونیادنانی شه‌هیدگه‌ی منبج كردووه. ده‌ڵێت: ئێستا نزیكه‌ی ١٥٠ گڵكۆی شه‌هیدان له شههیدگهكهدا هه‌یه. ئه‌مانه هه‌موویان ڕۆڵه‌ی منبجن. ئێمه شه‌هیدانی هه‌ڵمه‌تی ڕه‌قا و ته‌بقا-شمان هێناوه‌ته ئێره و لێره به‌خاكمان سپاردوون.
«ئه‌و شه‌هیدانه‌ی پێشتر له شوێنی دیكه به‌خاك سپێردراون، ده‌گوازینه‌وه ئێره. به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر داعش و شه‌ڕ هه‌بوو، شه‌هیدگه‌ی ئێمه نه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه شه‌هیده‌كانی خۆمان له شوێنی جیاواز به‌خاك سپاردن. دوای ئه‌وه‌ی منبج ڕزگار بوو، ده‌ستمان به گواستنه‌وه‌ی گۆڕی ئه‌و شه‌هیدانه كرد بۆ ئه‌م شههیدگهیه. ئه‌مڕۆش گۆڕی ٤ شه‌هیدی خۆمان هێناوه‌ته‌وه ئێره و به‌خاكیان ده‌سپێرین. به‌ڵام هه‌ر وه‌ك چۆن داعش گۆڕستانه‌كانی ئێمه تێكده‌دا، بینیمان ده‌وڵه‌تی توركیاش له عه‌فرین شههیدگهكانی تێكدا. نامانه‌وێ توركیا بێته منبج، چونكه هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئه‌وان و داعش نییه.»
«ئێمه توركیامان ناوێت»
كه‌وسه‌ر حه‌مۆ-ی هاوڵاتیی منبج ده‌ستنیشانی ده‌كات كه ئه‌وان پێشتر شه‌هیده‌كانیان له مهلاویه به‌خاك ده‌سپاردن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شه‌هیدگه‌ی خۆیان بونیادناوه، ده‌ستیان به گواستنه‌وه‌ی گڵكۆی شه‌هیده‌كانیان كردووه. ئه‌و هاوڵاتییه بونیادنانی شه‌هیدگه‌ی منبج به كارێكی زۆر باش داده‌نێت و ده‌ڵێت: ئێمه دێینه شههیدگه و سه‌ردانی شه‌هیده‌كانمان ده‌كه‌ین.
كه‌وسه‌ر حه‌مۆ ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له دژی منبج ده‌ڵێت: مرۆڤێك كاتێك ده‌مرێت، كۆتایی پێدێت و ناتوانێت هیچ بكات. ئایا به تێكدانی گۆڕستانه‌كان چی‌یان ده‌ستكه‌وت؟
«ئێمه له شوێنی شه‌هیده‌كانی خۆمان خه‌بات ده‌كه‌ین و شههیدگهكانی خۆشمان سه‌رله‌نوێ دروست ده‌كه‌ین. ئێمه نامانه‌وێ توركیا بێته منبج. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوردبووین، هاوژین و كوڕێكی من له كۆبانێ شه‌هید بوون. كوڕێكی دیكه‌شم له لایه‌ن داعش ڕفێندرا. بارودۆخی ئێمه ئێستا له منبج باشه. عه‌ره‌ب، كورد، چه‌ركه‌س، توركمه‌ن پێكه‌وه ده‌ژین و هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوانماندا نییه. ئێمه هه‌موومان ئێمه‌ین و ئه‌م ژیانه‌مان خۆشده‌وێت. ده‌وڵه‌تی توركیامان ناوێت.»
«ئێمه نامانه‌وێ توركیا بێته ئێره و هاوشێوه‌ی داعش زوڵم بكات.»
محه‌مه‌د عه‌لی باش، هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی منبجه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئامۆزایه‌كی له شه‌هیدگه‌ی منبج به‌خاك سپێردراوه. ده‌ڵێت: داعش له منبج سه‌ری زۆر كه‌سی ئێمه‌ی بڕی و كوشتنی. له دوای ئه‌وه‌ی قه‌سه‌ده منبجی ڕزگار كرد، ئارامی و ئاسایش له منبج به‌رقه‌رار بوو.
«ئێستا توركیا هه‌ڕه‌شه له منبج ده‌كات. توركیا هه‌ر وه‌ك چۆن عه‌فرینی تێكدا و مرۆڤه‌كانی كوشت، ئێستاش ده‌یه‌وێت هه‌مان شت له منبج بكات. ئێمه نامانه‌وێ توركیا بێته ئێره و هاوشێوه‌ی داعش زوڵم له ئێمه بكات.»
ئه‌و هاوڵاتییه‌ی منبج ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، له تێكۆشانی دژی داعشدا زۆر كه‌سیان شه‌هید بووه، ئێستا نایانه‌وێ جارێكی دیكه به ده‌ستی توركیا داعش بێته‌وه منبج. ناوبراو ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر توركیا بێته منبج، منبج هه‌ڵده‌وه‌شێنێت.
s.m