دەوڵەتى تورک هێزە سەربازییەکانى لە باشووری کوردستان زیاتر دەکات

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ژمارەی هێزە سەربازییەکانى رۆژ لە دواى رۆژ لەو بنکە و بارەگا سەربازییانەى ناو خاکی باشووری کوردستان زیاتر دەکات، کە داگیریکردوون.

بەپێی زانیارییەکانمان لە سەرچاوە هەرێمییەکانەوە، رژێمى تورک هێزێکى نوێی سەربازیی بردووەتە بارەگاکانى لە باشووری کوردستان و ژمارەى سەربازان و سەنگەر و پەناگەکانیان لە بنکە و بارەگایانەدا زیاتر کردووە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ١٥ی نیسان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ناوچەى زینی وەرتێ و کامپەی پەنابەران لە مەخمور و بەو هۆیەوە لە مەخمور ٣ ژن شەهید بوون.

ئەوەش سەرنجڕاکێشە، کە هاوکات لەگەڵ جموجوڵی سەربازیی دەوڵەتى تورک پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێزەکانى پێشمەرگەى خۆی لە زینی وەرتێ جێگیر دەکات. زینی وەرتێ یەکێکە لە ناوچەکانى قەندیل و لە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)دایە.

بارەگاکان زیاتر دەبن و داگیرکەری بەرفراوانتر دەبێت

دەوڵەتى تورک لەم ساڵانەى دوایدا قورسایی خستوەتە سەر سیاسەتى داگیرکەری لە باشووری کوردستان. داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان هەم لە رووی سەربازی و هەم لە رووی سیاسی و هەم ئابوورییەوە رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر ئاشکرا  دەبێت.

لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە دەوڵەتى تورک لە هەرێمەکە بارەگا سەربازییەکانى خۆی دروستکردووە. لە کاتى دەسەڵاتی ئاکەپەشدا ژمارەى سەربازان و بنکە و بارەگاکانى سوپای تورکیا چەند هێندە زیادیان کردووە و سنووری داگیرکەرییەکەشیان بەرفراوانتر کردووە.

یەکەم بارەگای سەربازیی و سیخوڕیی دەوڵەتى تورک لە ساڵی ١٩٩٤ لە شیلادزێ دروستکرا، کە ٢٥ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. بەلانیکەمەوە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ١٥ بارەگای تری سەربازی و سێخوڕیی دەوڵەتى تورک لە هەرێمى کردستان دروستکراون. هاوکات لەگەڵ ئەو داگیرکەرییە سەربازییەدا دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی تورک (میت) لە هەموو کات زیاتر لە هەرێمەکەدا چالاکبووە و چەندین بنکە و بارەگای تری بۆ خۆی دروستکردووە.

دەوڵەتی تورک لە ژێر فەرمان ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست دا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە چەندین ناوچەی تریان لە باشووری کوردستان داگیرکردووە. هەروەها لە ناوچەى برادۆست زیاتر لە ٢٠ شوێنی نوێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراون.

ژ.ت