سەنگاوی: هەڵەی ئەم حوكمڕانییە ڕەنجی سەد ساڵ تێکۆشانی خستووەتە مەترسییەوە

فەرهاد سنگاو بێژەری رادیۆی شۆڕشی باشوری کوردستان دەڵێت: ئەو حوکمڕانییە هەڵە و چەوتەی حکومەتی هەرێم  وایکردوە خەباتی سەد ساڵی ڕابردوی گەلەکەمان خەریکە بە با ئەچێت.

فەرهاد سەنگاوی بێژەری ڕادیۆیی شۆڕش و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە باشوری کوردستان و ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی دۆخی ناوچەکە و پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی  فورات  (ANF)  قسەیکرد.

فەرهاد سەنگاوی دەربارەی دۆخی ئێستای باشوری کوردستان ڕایگەیاند: لە سەد ساڵی ڕابردودا هەلومەرجی ناوخۆیی کوردستان بەو جۆرە داڕزاوی و داوەشاوی و بەو جۆرە وێرانەییە، بە تایبەتی ناو دەرونی مرۆڤی کورد و ناو کۆمەڵگای ئێمە لە مێژوی ڕابردودا پێم وانیە وێنەی هەبوبێت. خەڵکی دەڵێن، حوکمڕانی خۆماڵییە بەڵام لە ڕاستیدا حوکمڕانی خۆماڵی نییە، ئەو حوکمڕانییە هەڵە و چەوتە وایکردوە نەک خەباتی سەد ساڵی ڕابردوی گەلەکەمان خەریکە بە با ئەچێت، بەڵکو کارێکی کردوە کە شەش هەزار ساڵ لەمەو پێشیش کەوتوەتە ژێر پرسیار. پەند، زمان،  گۆرانی، هونەر، ئەدەب، پەروەردە و کەڵچەر هی پێنج بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستایە، کە گەیشتوەتە دەستی ئێمە، ئێمە دروستمان نەکردوە ئەمڕۆ، ئەوانەش خەریکن هەڵەوەشێن.

بەها نەتەوەیەکان بە بازرگانی کراوان

سەنگاوی سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی خراپی زمانی کوردی ئەو هێرشە کلتورییانەی کە لەسەر گەلی کورد هەیە و جەختی لەوە کردەوە  بەها نەتەوەیەکان بە بازرگانی کراون بەرهەمە هونەرییە ڕەسەنەکانی هونەرمەندی گەورەی گەلی کورد حەسەن زیرەکی بە نموونە هێنایەوەو وتی: "ئەگەر ببینیت زمانی کوردی زۆر وێران بوە، حەسەن زیرەک هونەرمەندی بلیمەت لە ساڵی ١٩٧٢ کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی شەستەکان گۆرانیی وتوە، بەڵام لە ئێستادا گۆرانییەکانی کراوە بە ڕیکلامی برنج، بە بێ ئەوەی پرس بە بنەماڵەکەی بکرێت بە بێ ئەوەی پرس بە میلەتێک بکرێت گۆرانییەکانی کراوە بە ڕیکلامی چای، ئەمە وێران بونە. لە وڵاتی ئێمە بەداخەوە هیچ سیستەمێک و هیچ دیسپلینێک لە جێی خۆی نەماوە، زۆربەی زۆری ئاوازە کوردییەکان و مەقامە کوردییەکان کراونەتە سەر قورئان و حەدیسەکان، لە مزگەوتەکاندا مەلاکان هەمو مەقامە کوردیەکانیان بردوە و بەکاری ئەهێنن کە مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێت، ئەمانە گۆرانی بوون و مەقامی سێگا، چوار گا، نەهاوەند، ڕەست و بەیات بوون کەچی کراوە بە حەدیس و ئایەت. هیچ میلەتێک هاوشێوەی ئێمەی بەسەر نەهاتوە، بزووتنەوەیەکی ئیخوانی ئەردۆغانی قەتەری هاتوە لە کوردستان تەراتێن دەکات، ناوی مناڵیان هەموی کرد بە موسەنا، ئوسامە، ئەنەس و سوهەیب، ئێمە چیمان ماوە تاڵان نەکرێت. ناوەکانمان، جلوبەرگەکانمان، زمانەکەمان، کەڵچەرەکەمان و مێژوەکەمان هەموی وێران بوون. وردەکارییەکان زۆرن و ئێمە ڕەوشمان زۆر خراپە.

'ئێمە تەسلیمی پارتی نابین'

دەربارەی ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی زینی وەرتێ و بەجێکردنی هێز لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە سنوری یەکێتی فەرهاد سەنگاوی ڕایگەیاند: "ئێمە پێویستمان بوو کە هێزی یەکێتی و پارتی ببێت بە لەشکرێکی نیشتمانی، بەڵام پارتی واناڵێت بەڵکو پارتی دەیەوێت هێز تەسلیمی ئەو بکرێت، ئەگەر یەکگرتنەوە بەو شێوەیە بێت ئێمە تەسلیم نابین. زینی وەرتێ پێشمەرگەی یەکێتی لێبوە و لە چەند ساڵی ڕابردودا بردراون بۆ شەڕی داعش، بەیانیانێک لەخەو هەڵدەستین زینی وەرتێ پارتی لێیە، دەپرسیت ئاخۆ چی دەکەی لێرە؟ لە وەڵامدا پێمان دەڵێن، هاتوین بۆ گرتنی قاچاخچی. وەرتێ نە سنورە و نە قاچاخچیی لێیە ئیتر ئەم فلیمە چیە، دیسان شەڕێکی تر؟، پاشان دەشڵێن، شەڕی براکوژی، بەڵام شەڕی براکوژی دەبێت هەردوو لایەن کورد بن نەک لایەنێک دەوڵەتێکی داگیرکەر هانی بدات و منیش پێی بڵێم برا".

 سەنگاوی لە درێژەی قسەکانی وتیشی: ئێمە هێرشی فیوداڵی عەرەبیمان لەسەرە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی عەرەبی و کوردی هەیە. شارستانیەتی دەسەڵاتداری عەرەبی و تورکی شارستانیەتێکی لاوازی دڕەندەی توندوتیژە، تورک و عەرەب کە کوردستانیان داگیرکردوە لە ڕێگەی کەڵچەرەوە ئێمەیان وێران کردوە. دەسەڵاتداری تورکەکان و عەرەبەکان کە ئێمەیان داگیرکردوە لە هەزار ساڵەوە تاکو ئێستا وەکو یەک بیر دەکەنەوە، ئەوان هێرشێکی فیوداڵیمان لەسەر دەکەن ئەوان نموونەی داعشن، چونکە داعش هێرشێکی فیوداڵیە.

"پێوستە ڕوناکبیران ولامی سەردەمەکەبن"

 سەنگاوی بە پێویستی زانی ڕوناکبیرەکان، سیاسییەکان و لایەنە سیاسییەکان وەڵامدەری کاتەکە و سەردەمەکە بن بەواتای ئەوەی بۆ ئەم سەردەمە بیر بکەنەوە، وتیشی: "کێشە ئەوەیە حزبەکانی کوردستان بە گشتی لە گوێرەی سەردەمەکە نین، سەردەمەکە ناخوێننەوە، کە خۆیان و کورد لە چی قۆناغێکن. ئێمە پێویستە لەم قۆناغە کوردایەتیی پێشکەوتوخواز بکەین، ئێمە پێویستە وڵاتپارێزیی کوردی نەبەزێنین و پێمان وابێت وڵاتپارێزیی کوردی خەتەرە، نەخێر تێکۆشان لە پێناو  کوردی خەتەر نییە. ئێمە پێویستە چەکی وڵاتپارێزی  کوردی بە شێوەیەکی دروست بەرامبەرار بە داگیرکەران و کۆنەپرستەکان بەکاربهێنین. کاتێک ئێمە گەیشتینە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان ئەو کات پێویستمان بە کوردایەتی نامێنێت و ئەو کات هەل و مەرج دەگۆڕێت. ئێمە پێویستە لە ئێستادا خەڵکی پێشکەوتوخواز بین و بزانین چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری چییان پێویستە و ئێمە لە چ قۆناغێکین، ئەم قۆناغە چۆن بگۆڕین.

'ئەگەر یەکێتیی نەتەوەی نەبێت ئێمە چین؟'

فەرهاد سەنگاوی لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی و ئاماژەی بە گرینگیی کۆنگرەی نەتوەیی کرد و ڕایگەیاند: "من یەکێتیی نەتەوەییم زۆر پێ باشە ئەگەر یەکێتیی نەتەوەیی نەبێت ئێمە چین؟، ئێمە لە چوار پارچەی کوردستاندا پێویستە کۆبەندێکمان هەبێت، هاوکارییەکمان هەبێت، هاوبەشییەکمان هەبێت و دەبێت پارچەکانی کوردستان لەیەک تێبگەن. دەبێت حزبەکانی کوردستان لەو کۆنگرە نەتەوەییە هاودید و هاوبۆچون بن ئەمەش بە مرۆڤی پاک دەکرێت و بە کەسانی نیشتمانپەروەر دەکرێت. ئێمە لەگەڵ داگیرکەران تەبا و دۆست بین، بۆچی لەگەڵ نەتەوەکەمان تەبا و دۆست نەبین".

هەروەها دەربارەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە زمانێکی توند دوا و نیگەرانییەکانی خۆی هێنایە زمان وتی: "پێویستە لایەنە سیاسیەکان تێبگەن خەباتکردن لەگەڵ پارتی ناکرێت. خەبات، نیشتیمانپەروەری، کوردایەتی، پێشکەوتوخوازی، دیموکراسی، ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانی ئەمانە شتێک نین پەیوەندییان بەوانەوە هەبێت و لەگەڵ ئەوان ناکرێت".

لە کۆتای قسەکانی سەنگاوی وتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جیهاندا شەڕی زۆر بینی، وێرانی و کاولیی زۆر بینی. موسڵ ڕەنگە بیست ساڵی بوێت تاکو دروست دەکرێتەوە، بەغدا و کەرکوک بەهەمان شێوەیە، زۆربەی شارەکانی عیراق بەو شێوەیەن، ئەمە پێویستە ڕێکبخرێتەوە و بازاڕی جیهانی پێویستی بەڕێکخستنەوە هەیە و پێویستی بە ئاشتی هەیە. کاتێک ئاشتی و ئارامی بونی هەبوو بیر و بۆچوونی کۆنەپرستانە و شەڕخوازانە دەوری نابێت، لە ئاشتی ئازادیا پێشکەوتن، یەکسانی و دیموکراسی دێتە پێشەوە و مرۆڤەکان هوشیارتر دەبن. کاتێک مرۆڤەکان هۆشیار دەبن سزای تاقم و دەستەی خراپ دەدەن، تاقم و دەستەی باشتر و حزبی باشتر گەشە دەکات و دێتە پێشەوە. من لەو دیدەوە پێشبینیم کردبو لە داهاتودا باشتر دەبێت. من پێم وایە ئەو حزبانەی لە کوردستانی گەورە هەن هەندێکیان حزب نین ڕۆژگار و زەمان کردونی بە حزب، ناچاری ناویانی ناوە حزب و شۆڕشگێر و نیشتیمانپەروەر، من پێم وایە لە ئاشتی و ئازادیا ئەوانە زەرەر دەکەن، دەتوێنەوە و لاواز دەبن".

ژ.ت