لە ئامەد ٣ کەس زیندانیکران

ئەمین گیوزەل هاوسەرۆکی توای دەر و شافی هەیام بەڕێوەبەری توای دەر و موشەهەر ئولکەرێن ئەندامی توای دەر لە ئامەد دەستگیرکرابوون، بەڵام دادگای دەوڵەتى تورک ئازادی نەکردن و بڕیاری زیندانیکردنی بەسەریاندا سەپاند.

لە چوارچێوەى لێپرسینەوەکانى داواکاری گشتیی کۆماریدا دوێنێ پۆلیسەکان هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ لە ئامەد. پۆلیس لەو هەڵکوتانەدا عەبدولواحید دوغرۆ ئەندامی ئەنجوومەنى شارەوانیی رێزانی ئامەد، محەمەد ئەمین گیوزەل هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاریی بنەماڵەی زیندانیان (توای دەر - TUAY-DER)، شافی هایمە بەڕێوەبەری کۆمەڵەى توای دەر، ئەندامانی کۆمەڵەکە لەیلا ئایزا، موشەهەر ئولکەر، عەبدولمەناف کور و خانم ئاڵتنداغ ئەندامی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لەو بنەماڵانە، کە کەسوکاریان لە لانکەى شارستانیەتدا بێسەرشوێنکراون (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) دەستگیرکرابوون.

دواى وەرگرتنی وتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد، داواکاری گشتی ئەو کەسانەى بۆ زیندانیکردن رەوانەى دادگای ئامەد کرد. دادگاش بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە رێکخستن" بڕیاری زیندانیکردنی بۆ محەمەد ئەمین گیوزەل هاوسەرۆکی توای دەر، شافی هایمە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەری توای دەر و موشەهەر ئولکەر ئەندامی توای دەر دەرکرد و بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا بڕیاری ئازاد کردنی بۆ ٤ کەسەکەى تر دەرکرد.

ژ.ت