مانگی سووری کوردستان: هاوکاری واتا بە جەژن دەبەخشێت

مانگی سووری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کرد و ئاماژەی بە گرنگی هاوکاری و پشتگیری کرد.

مانگی سووری کوردستان جەژنی موسوڵمانان، جەژنی ڕەمەزانی لە جیهانی ئیسلامی و گەلانی کوردستانی موسوڵمان پیرۆز کرد و وەبیریهێنایەوە کە ساڵانێکی دوور و درێژە گەلی کورد بە ئێش و ئازار و خەمگینیەوە پێشوازی لە جەژن دەکات.

لە راگەیەنراوی مانگی سووری کوردستاندا هاتووە:

"وەک نەرێتێک، لە عارفەی هەر چەژنێکدا بە تایبەت دایکان، خانەوادەکان سەردانی گۆڕستانەکان و مردووان دەکەن و یادیان دەکەنەوە. بەڵام دەوڵەتی تورک رێگا نادات کورد سەردانی مردووانی خۆشیان بکەن و جەژنی ڕەمەزان پیرۆز دەکەن. بە تایبەتی لەم دواییانەدا هێرشی بەرانبەر گۆڕی ڕۆلەکانی کورد، شێواندنی گۆرستانەکان و هەروەها کۆکردنەوەی ئێسک و پروسکی مردووان، ئازاری کۆمەڵگای کوردیان دوو ئەوەندە زیاد کردووە. لەم دۆخە ناهەموارەدا ئەو شتەی کە ئێش و ئازاری مرۆڤ کەم دەکات، هاوکاری و پشتگیریە. بەم تێگەیشتنە مانگی سووری کوردستان بەهۆی دۆخی ئاڵۆز، توانی بەهەزاران خانەوادەی خاوەن دەرفەت و هەژار بکاتە خوشک و برای یەکتری. بە هیوای ئەوەی کە ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی و ئاشتی و جەژنی رەمەزان لە گەلی کوردستان و هەموو عالەمی ئیسلام پیرۆز دەکەین."

ف.ق