کەنەکە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بە توندی شەرمەزار کرد

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (کەنەکە)، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر باشووور بە توندی ئیدانە کرد و داوادەکات، عێراق و هەرێم و نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو هێرشانە بۆ سەر خەڵکی سڤیلی کامپی مەخمور و شەنگال ئیدانە بکەن و هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر.

کۆمیته‌ی مافه‌کانی مرۆڤی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان (کەنەکە)، دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی ئەم مانگەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی کامپی مەخمور، شەنگال، قەندیل، باڵەیان، خواکورک، قەندیل و ئاڤاشین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

" بۆ ڕای گشتیی

حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ

پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ( باشوور(

بۆمبارانی چەندبارەی خەڵکی سڤیلی کامپی پەنابەرانی مەخمور و ناوچەکانی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە

وەک دەزانرێ کورد گەلێکن ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٠ میلیۆن کەس دەبن و تەنها لە بەشی تورکیادا نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەسن، ئەوا بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە، بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان لە تێکۆشان و ململانێیەکی سەختی چەکدارانە و مەدەنیانەدان، خەباتەکەیان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و کلتورییەکانی خۆیان لە دژی دەوڵەتی تورکیا لە ناو شەڕێکی نەخوازراودان، کە لە ئەنجامیدا زیاتر لە ٥٠ هەزار خەڵکی بوونەتە قوربانیی، بە دەیان هەزار مرۆڤ بریندار و بێ سەروشوێن بوون، ڕێژەیەکی زۆریان خەڵکی سڤیلن.

ئەم پرس و کێشانە تا ئەمڕۆش درێژەیان هەیە و بەشێوەیەکی ستوونی هەڵکشاوە و پەرەی سەندووە، هەروەها بەردەوام ئاڵۆزتر دەبێت و هەردەم ڕێگاچارەکانی ئاشتییانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاستەنگ دەکرێن، حکومەتی ئەردۆغان لە بری چارەسەری ئاشتیانە پەنا بۆ شەڕ و کوشتار دەبات، لە ئێستادا بەو هۆیەوە وڵاتانی دراوسێی تورکیاش لەو ئاڵۆزیانەوە گلاون و شەڕ و نائارامی ناوچەکەی داپۆشیوە، هێزە چەکدارەکانی تورکیا سنوری وڵاتانی تری ناوچەکەیان بەزاندووە و سەروەریی یاسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە.

- لە تازەترین دەستدرێژی و هێرشیدا، شەوی ١٤و١٥ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا ٨١ جار هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان – عێراق کرد و خەڵکی سڤیلی ئەو دەڤەرانەی کردە ئامانج، لە نێو ئەوانەدا بۆ چەندەمین جار کەمپی پەنابەرانی مەخموری کردە ئامانجی هێرشەکانی، ئەو کامپەی کە دەیان ساڵە بە هەزاران ئاوارەی ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوای تورکیای لەخۆوە گرتووە و هەروەها لەژێر پاراستنی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکاندایە، کە خۆی لە بنچینەدا بە هۆکاری شەڕ و نائارامیەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و دەربەدەر بوون، لە هەمانکاتدا ئەوا بۆ ماوەی ساڵێکە لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە ئابلۆقەیەکی ئابووری بەسەریاندا سەپێنراوە.

ئامانجێکی دیکەی بۆمبابارانەکە بۆ سەر ناوچەی شەنگال و دەوروبەری بوو، کە تیایدا جگە لە شوێنی نیشتەجێی خەڵکانی سڤیل نەخۆشخانەیەک کرایە ئامانج و زیانی زۆری ماددی بە بینایەکە کەوت و چوار لە نەخۆشەکانی بە سەختی بریندار بوون، شەنگال ناوچەیەکە زۆرینەی خەڵکەکەی کوردی ئێزیدی باوەڕن و هەموو چەند ساڵێکە لە ژێر دەست و ستەمیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا ڕزگارییان بووە، لە پرۆسەیەکی گروپی تیرۆرستیی داعشدا بە هەزارەها خەڵکیان لێ کۆمەڵکوژ (جینۆساید) کران.

ئێمە لە کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ـه ڕایدەگەیەنین، کە ئەم ڕووداوانە دژی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا بەرکارە نێودەوڵەتیەکانن، بۆیە دەبێ بە توندی ئیدانەیان بکرێن، داواکارین لە سەرجەم ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازەکان و دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەم دەستدرێژی و هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیلی کامپی مەخمور و ناوچەی شەنگال ئیدانە بکەن و هەڵوێستی پێویست بگرنە بەر بۆ کۆتاییهێنانی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا. هەروەها:-

١. دەستی هاوکاری و ئاوەدانی و بووژانەوە بۆ کەمپی مەخمور و ناوچەکانی شەنگال درێژبکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا خەڵکی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، یان بەلانی کەمەوە ئەوان لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی دەوڵەتی تورکیا و تیرۆرستانی بەناو ئیسلامی بپارێزن.

٢. هەوڵی جیدی بۆ گەڕانەوە بۆ سەرمێزیی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا و کورد بدرێت، تا ئەم ململانێ و شەڕ و کوشتارە درێژخایەنە خوێناویە کۆتایی پێبێت و بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت."

ف.ق