هەسەدە چەتەیەکی دەستگیرکرد کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەسوتاند

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) توانیان چەتەیەک دەستگیربکەن کە بە فەرمانی داگیرکەر و چەتەکانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دەسوتاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاشکرای کرد، یەکینە تایبەتەکان توانیان چەتەیەک دەستگیربکەن کە لە شارۆچکەی تەل تەمر ئاگری بەرداوەتە زەوییە کشتوکاڵییەکان.

لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

بەم دواییانە ڕووداوی سوتانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە زیادی کرد. پاش گەڕان و چاودێریی یەکینە تایبەتەکانی هەسەدە، یەکینەکان توانیان هۆکار و ئاکامەکانی ئەم ڕووداوانە بدۆزنەوە کە بە کاری تیرۆریستی پلان بۆ داڕێژراو و هۆی تاوانکارانە ئەنجامدراون، ئەمەش زیانی گەیاندووە بە ئاسایشی خۆراکی هەرێمەکە و زیانی مادی مەزنی گەیاندۆتە گەلی هەرێمەکە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، یەکینەکان توانیان چەتەیەک دەستگیربکەن بە تاوانی سوتاندنی بەروبوومەکان و هەڕەشەکردن لە گەل بۆ سەرانەسەندن تاوەکو بەروبوومەکەیان پارێزراوبێت، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، ڕێنمایی لە چەند کەسێک وەرگرتووە لە ناوچەکانی ژێردەستی داگیرکەری تورک دەژین.

تاوانبار محەمەد موستەفا خەڵەف، لەدایکبووی ١٩٨٥ خەڵکی گوندی ڕەوزە لە تەل تەمر، بەهۆی ئەو تاوانەوە لەلایەن یەکینە تایبەتەکانمانەوە دەستگیرکرا، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانی بەوەدا ناوە، کارتی مۆبایل و ڕێنمایی لە خزمێکی وەرگرتووە بەناوی (مەحمود)، ژمارەی جووتیارانی ناوچەکەی وەرگرتووە و هەڕەشەی لێکردوون دەبێت پارەبدەن لەپێناو سەلامەتی بەروبوومەکەیان.

تاوانبارەکە سەرەتا پەیوەندی دەکات بە جووتیارێکی ئاشوری لە ناوچەی تەل تەمر، پاشان لەگەڵ جووتیارێکی کوردی هەمان ناوچە، پاشان لەگەڵ جووتیارێکی عەرەبی خەڵکی دەیرەزۆر کە زەوی کشتوکاڵی لە تەل تەمر بەکرێ گرتبوو، دەیویست لەڕێگەی هەڕەشەکانەوە هەم پارەی دەسکەوێت هەم ئاژاوەیەک لەنێوان پێکهاتەکان بخوڵقێنێت.

لەڕێگەی پرۆسەی گەڕان و بە هەماهەنگی لەگەڵ گەلی ناوچەکە، یەکینە تایبەتەکانمان توانیان تاوانبار دەستگیربکەن و تۆڕێکی تاوانکاری ئاشکرا بکەن کە لە ناوچە سورییەکانی ژێردەستی داگیرکەری تورکەوە ڕێنماییان وەرگرتووە، هێشتاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ زانینی وردەکارییەکانی تاوانەکە.

هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک داوا لە هەموو گەلانی هەرێمەکە دەکات، هەماهەنگی زیاتر بکەن لەگەڵ لایەنە ئەمنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکان لە حاڵەتی هەبوونی هەڕەشە لەلایەن گرووپە تیرۆریستی و تاوانکارییەکانەوە».