خاوەن پێداویستییەکی تایبەت کە لەلایەن سەرۆکی تەریقەتێکەوە دەستدرێژی کرایەسەر، خۆی کوشت

سەرۆکی کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی عیلم و عوزلەت ئاڵپئەرسەلان سادە کە نزیکە لە جەماعەتی ئیسماعیلئاغا، دەستدرێژی کردە سەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بە ناوی ئە. د. تاوانلێکراوەکە دواتر خۆی کوشت.

ژنێک بە ناوی ئە. د کە بە رێژەی لەسەدا ٥٠ خاوەن پێداویستی تایبەتی مێشکە لە ئیستەنبوڵ دەژیا. ئە. د لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵەی بڵاوکردنەوە عیلم وعوزلەت ئاڵپئەرسەلان سادە دەستدرێژی کرایە سەر. لەبارەی رووداوەکەوە دادگای سزای قەرسی ئانادۆڵوی ئیستەنبوڵ دۆسیەی کردووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی هاڵک تی ڤی رووداوەکە لە ٧ی ئادار روویداوە. ئەو رۆژە دایەگەورەی ئە. د نەوەکەی بردووە بۆ خوێندگەی تایبەت. بەڵام ئە. د بە بەڕێوەبەرانی خوێندنگەی وتووە کە "ماندووم و تەنگە نەفەس دەبم" و لە خوێندنگە چووەتە دەرەوە. تا بینایەکی کۆمەڵایەتی لە نزیک خوێندنگە بە پێیان رۆیشتووە لەوێ لەسەر مێزێک دانیشتووە. لەوکاتەدا کەسێک هاتووەتە لای ئە. د. بە گوێرەی پەڕاوەکانی دۆسیەکە ئەو کەسە سەرۆکی کۆمەڵەی بڵاوکردنەوە عیلم و عوزلەت ئاڵپئەرسەلان سادە بووە کە بە "مامۆستا ئەفەندی عەلی رەزا سادە" ناسراوە. ئەو کۆمەڵەیەش سەر بە جەماعەتی ئیسماعیلئاغاییەکانە.

سادە بەو کەمئەندامەی وتووە، "دەتەوێت تۆزێک بە توزلایدا بتگەڕێنم؟" دواتریش ئە.دی خستووەتە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە و بەرەو توزلای بردووە. ئە.د کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەدا ویستبووی تەلەفۆن بۆ دایەگەورەی بکات سادە رێگەی پێنەداوە و بە گوێری دۆسیەکە سادە بە ئە.دی وتووە: "دەتکوژم" و نەیهێشتووە پەیوەندی بە دایەگەورەیەوە بکات. دواتریش بردوویەتی بۆ ماڵەکەی لە چەکمەکۆی. سادە لەماڵەکەی لە خۆی مارەی کردووە و دواتر چەندین جار دەستدرێژی کردووەتەسەر و لە شەودا نزیک کاتژمێر ٠١:٠٠ئەو ژنە گەنجەی لە نزیک پردێک دابەزاندووە و هەڵاتووە. ئە. د تا بەردەم خوێندنگەکەی چووە و لەبەر ئەوەی ماڵەوەیانی نەدۆزیوەتەوە تا بەرەبەیان لە خوێندنگەکە بووە. مامۆستای ئە. دە سەرلەبەیانی چووەتە خوێندنگە و بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە.

ئە. د رووداوەکەی بۆ خوشکەکەی گێڕاوەتەوە و دوای ئەوەش بنەماڵەکەی ئاسایشیان ئاگادار کردووەتەوە. دوای وەرگرتنی وتە لە ئە. د پۆلیسەکان کامێراکانی چاودێرای ناوچەکەیان لێداوەتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە ١٠ رۆژ دواتر ئاڵپئەرسەلان سادە دەستگیرکراوە. ئە. د ١٥ رۆژ دوای رووداوەکە لە ٢٣ی ئاداردا خۆی لە نهۆمی چوارەمی ئەو بینایەی تیایدا دەژیان خستووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.

لە رۆژانی رابردوودا داواکاری نامە لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری ئانادۆلو لە دژی ئالپئەرسەلان سادە ئامادە کرا. لە داواکارینامەکەدا هاتووە کە سادە دۆخی کەمئەندامی "ئە.ت"ی قۆستووەتەوە و بە زۆر لە خۆی مارە کردووە و ئە.د بەهۆی ئەو چەوساندنەوەیەوە بەرگەی نەگرتووە و خۆی کوشتووە.

لە داواکارینامەکەدا هاتووە کە سادە بە هۆی تاوانی "هەڕەشەکردن لە پێناو چەوساندنەوەی رەگەزی و زەوت کردنی ئازادی کەسێک" و "هێرشی رەگەزی" دادگایی بکرێت. ئەوە دەستنیشان کراوە کە لێپرسینەوەی پەیوەست بە خۆکوشتنی ئە. د لە دۆسیەیەکی تایبەت و جیادا بەردەوامە. داوا دەکرێت لە نێوان ٣ بۆ ٢٦ ساڵ سزای زیندان بە سەر سادەدا بسەپێندرێت.

ئەو کۆمەڵەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن سادەوە دامەزراوە، هێشتاش بەردەوامە لە کارەکانی و ژمارەیەکی زۆر منداڵ "پەروەردە" دەکات. ئەو کۆمەڵەیە کە سەر بە جەماعەتی ئیسماعیلئاغایە، زۆر جار لەگەڵ سەرۆکی جەماعەتەکە واتە مەحمود ئوستاعوسمانئۆغڵو بەرنامەی خوێندنی قورئان بەڕێوەدەبات.

هـ . ب