پارتەکانی دانیمارک هێرشی سەر مەخمووریان شەرمەزار کرد

پارتی یەکێتی سەوز و سوور و پارتی گەلی سۆسیالیستی دانیمارک، هێرشی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر مەخموور شەرمەزار کرد.

پارتی یەکێتی سەوز و سوور و پارتی گەلی سۆسیالیستی دانیمارک ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و بووردۆمانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا.

ڕاگەیەنراوەکە بە ئیمزای ئیڤا فلایڤەهۆلم وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتی سەوز و سوور بڵاوکرایەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا وەبیرهێنرایەوە کە ٣ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها باسی ئەوە کرا، لەم قۆناغەدا تێکۆشانی لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدرێت کە لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام هێرشێکی بەم جۆرە ئەنجامدەدرێت و داوا لە وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک کرا لێکۆلینەوە لە هێرشەکە بکات.

سەردال بەنلی یاریدەدەری سەرۆکی پارتی گەلی سۆسیالیستیش ڕایگەیاد، ئەو هێرشە یەکسەر بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل ئەنجامدراوە.

بەنلی باسی ئەوەی کرد، زۆربەی ئەو کەسە مەدەنیانەی بووەنەتە ئامانج، ئەوانەی کە بەهۆی کۆچبەریەوە لە کەمپی مەخموور نیشتەجێبوون و پێویستە هوشداری بدرێتە تورکیا کە بەپێی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بجووڵێتەوە.

ف.ق