بە دیمەن

'دەبێت کوردان بە یەکێتیی خۆیانەوە پێشەنگایەتی پرۆسەکە بکەن'

ئەندامی کەنەکە ڕەفیق غەفوور، شاهۆ پاڵانی و نیاز عەبدوڵا ئاماژەیان بەوەدا لە بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیمورکراتیکدا هەموو کەسێک هەڵگری بەرپرسیارێتییە و گوتییان: " دەبێت کوردان ئاشتی ناوخۆیی بڕەخسێنێت و بە یەکێتیی خۆیانەوە پێشەنگایەتی پرۆسەکە بکەن."

ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)؛ نیاز عەبدوڵا، ڕەفیق عەبدوڵا و سیاسەتەمەدار و نووسەر شاهۆ پاڵانی لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە هەڵسەنگاندیان بۆ پارادایمی نوێی ڕێبەر ئاپۆ و کۆتا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد.

'دەبێت سوپای تورک لە باشووری کورستان بکشێتەوە'

ڕۆژنامەوان نیاز عەبدوڵا باسی لەوەکرد بانگەوازی ئاشتی گرنگ و کاریگەرە، ئەم پرۆسە نوێیە بە تایبەت کاریگەری و گرنگی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەیە. نیاز عەبدوڵا ڕاگەیاند ئەم پرۆسەیە کاریگەری لەسەر ئیدارەی باشووری کورستانیش دەکات.

نیاز عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا بە ئێستاشەوە سوپای تورک درێژە بە هێرشەکانی دەدات لەسەر خاکی باشووری کوردستان و گوتی: "ئەم هێرشانە بە تایبەت کاریگەی لەسەر دانیشتوانی بادینان داناوە. شەهید بوونی لێکەوتەوە، خەڵکی ناچار بەچۆڵكردنی جێگە و ماڵی خۆیان بوو. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەدا پێویستە سوپای تورک بە تەواوەتی لە باشووری کورستان بکشێتەوە. ئیدی هیچ پاساوێکییان نەماوە. هەروەها پێویستە کۆتای بە هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بهێنێت و لەوێیش بکشێتەوە. دەبێت کوردان لە چوارچێوەی سووریادا کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا چارەسەر بکات؛ ئیدی کاتی ئەوەیە دەوڵەتی تورک دەستوەردانی سیاسەتی ناوخۆیی سووریایش نەکات."

نیاز عەبدوڵا ئەوەیشی دەستنیشان کرد دەبێت لە باکووری کوردستانیش میکانیزمی سیاسەت کردن بگۆردرێت و پەرە بە سیاسەتی دیموکراتیک بدرێت  و گوتی: "ئەم بانگەوازییە زۆر گرنگە، چونکە عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی ئاشتی لە هەریەک لە بارزانی و مەزڵوم کۆبانێ و هەموو کوردێک کرد. خاوەنداریکردن لەم بانگەوازییە بەمانای پێکهێنانی ئاشتی ناوخۆیی کوردان  و تێکۆشان بۆ ئاشتی دێت."

'نزیکایەتی دەوڵەتی تورک کاریگەرە'

سیاسەتەمەدار شاهۆ پاڵانیش باسی لەوەکرد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی نوێیدا تێپەڕ دەبێت و گوتی: "سەدەیەک بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕ دەبێت. قۆناغی سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردن تێپەڕی. لەمڕۆدا کوردان ئەم ئاستەنگییەیان لەباربرد. پێویستە بیر لەوەبکەینەوە چ جۆرە سیستەمێک بونیات بنرێت. پرۆسەی نوێی عەبدوڵا ئۆجالان و ئاماژە دیموکراتیکییەکانی بۆ ئاشتی زۆر گرنگە. بێگومان نزیکایەتی ئەرێنی دەوڵەتی تورکیش گرنگە."

'هەموومان بەرپرسیارین لە بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک'

ڕەفیق غەفوور سەرنجی خستەسەر گرنگی پرۆسەی نوێی و باسی لەوەکرد پێویستە گەلی کورد مەرجەکانی خۆی بئافرێنێ و بە گوێرەی ئەو هەنگاوانەی کە دەوڵەتی تورک دەیگرێتەبەر پرۆسەکە دیاری بکات.

ڕەفیق غەفوور باسی لەوەکرد پارادایمی نوێی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو ناوچەکە دیدگایەکەی چارەسەرییە و گوتی: "پێویستە بە سەرنج و وریاییەوە خاوەنداری لەم پرۆسەیە بکەین. هەموومان بەرپرسیارین لە ئاست کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا. پێویستە دەوڵەتی تورکیش سیاسەتەکانی بگۆڕێت و بە گۆرانکاری مەزنەوە خاوەنداری لە پرۆسەکە بکات. بەم دۆخەی ئێستایەوە پرۆسەکە گەشە ناکات، گۆڕانکاری مەرجە."