بە دیمەن

هەڵمەتی جیهانی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پەخشان عەزیزی دەستیپێکرد

لە شاری مونیخی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی جیهانی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پەخشان عەزیزی، ژنە زیندانی کورد کە سزای لەسێدارەدانی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە، دەستیپێکرد.

لە ٦ـەمین چالاکی لە زنجیرەی چالاکییەکانی "ڕۆژانی شەممە، نا بۆ لەسێدارەدان" بەمەبەستی سەرنج ڕاکێشان بۆ دۆخی زیندانیانی ژنان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، چالاکی بەڕێوەچوو.

لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا هەڵمەتێکی جیهانی بۆ کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پەخشان عەزیزی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، بەڕێوە چوو.

بەشداربووانی چالاکییەکە بانگەوازی هۆشیاریی گشتی و یەکگرتووییان دژی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئێران کرد.

لە لێدوانەکانی چالاکییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە جگە لە پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی ڕووبەڕووی هەڕەشەی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە، دەبێت دەستبەجێ ئەو سزایانە هەڵبوەشێنرێنەوە.

شایانی باسە پەخشان عەزیزی لە ٤ی ئابی ٢٠٢٣دا لە تاران دەستبەسەر و لە ١١ی کانوونی یەکەم زیندانی کرا و لە ٢٣ی تەمووزی ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بانگەوازی: بێدەنگ مەبە، بۆ دادپەروەری دەنگت بەرز بکەرەوە

لە لێدوان و پەیامەکانی ئەم چالاکییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم سزایانە دادپەروەرانە نین و پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤن.

هەروەها داوای دەستبەجێی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی کرد کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. هاوکات لە چالاکییەکەدا داوا لە هەموو لایەک کرا بۆ بەرقەراربوونی دادپەروەری دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.