لە پێنج ساڵی رابردوودا بەڕێژەیەکی زۆر بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پەرەی پێدراوە

لە دوو راپۆرتی نێونەتەوەییدا ئاماژە بەوەکراوە کە وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە.

هێزە ئەتۆمیەکان بە پاساوی ئەو تەنگەژە و قەیرانانەی خۆیان لە سەرتاسەری جیهان دروستیان کردووە، پەرە بە جبەخانەی ئەتۆمی خۆیان دەدەن. بە گوێرەی دوو راپۆرت کە رۆژی دووشەممە ١٧ی حوزەیران بڵاوکراونەتەوە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بڕی تێچوون بۆ وەبەرهێنان لە بواری ئەتۆمی بۆ یەک لە سەر سێ زیادی کردووە.

بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن کەمپینی نێونەتەوەیی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی (ICAN) بڵاوکراوەتەوە هەروەها راپۆرتێکی ناوەندی نێونەتەوەیی توێژینەی ئاشتی ستۆکهۆڵم، ٩ وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی (ئەمریکا، روسیا، جین، بەریتانیا، فەرەنسا، هیندستان، ئیسرائیل، پاکستان و کۆریای باکوور) بە کۆی گشتی ٩١ ملیار دۆلار (٨٥ ملیار یۆرۆ)یان لە ساڵی رابردوودا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی چەکە ئەتۆمیەکانیان و بەرهەمهێنانی چەکی نوێ تەرخان کردووە.

ملیسا پارک بەڕێوەبەری ICAN بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "پێموابێت زۆر لەجێگەدایە کە بڵێین پێشبڕکێیەکی ئەتۆمی لە جیهاندا لە ئارادایە".

لای خۆشیەوە ویلفرێد وان بەڕێوەبەری برنامەی چەکە کۆکوژەکان لە ناوەندی نێونەتەوەیی توێژینەی ئاشتی ستۆکهۆڵم وتویەتی: "چەکی ئەتۆمی لە دوای شەڕی ساردەوە هەرگیز بەم رادەیە رۆڵی گرنگی لە پەیوەندیە نێونەتەوەییەکاندا نەبووە".

لە هەر چرکەیەدا ٢ هەزار و ٨٩٨ دۆلار بۆ پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی تەرخان کراوە

بە گوێرەی راپرۆتەکەی ICAN تێچووی پەرەپێدان لە سەر ئاستی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بری ٨.١ ملیار دۆلار زیادی کردووە، لەسەدا ٨٠ی ئەم هەڵکشانە لە تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەمریکایە، هەروەها چین، روسیا و بەریتانیا لە پلەکانی دواتر دان.

روونیشکراوەتەوە کە لە ساڵی رابردوودا لە هەر چرکەیەکدا بری ٢ هەزار و ٨٩٨ دۆلار بۆ پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی تەرخان کراوە و ئەمەش هەڵکشانێکە بە رێژەی لەسەدا ٣٣. هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا بە گشتی ٣٧٨ ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی تەرخان کراوە.

بەم پارەیە دەکرێت کۆتایی بە برسێتی بهێندرێت و لە هەر خولەکێکدا درەختێک بنێژرێت

ملیسا پارک وێڕای شەرمەزارکردنی تەرخان کردنی ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ بواری پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی رایگەیاندووە، ئەو ژمارە تەرخانکراوانە "قێزەونن" و جەختیکردەوە، کە بەو پارەیە هەم برێستی کۆتایی پێدەهێندرێت و هەم لە هەر خولەکێکدا دەتوانرێت بەو پارەیە یەک درەخت بنێژرێت.

وەبەرهێنان لە دۆزەخدا

بەڕێوەبەری ICAN کە بە هۆی رۆڵی لە پەیماننامەی مێژووی قەدەغەی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٧دا خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێبەخشراوە هۆشداریداوە لەوەی کە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە پەرەپێدان بە چەکی ئەتۆمی نەک هەر ناپێویست، بەڵکوو مەترسیداریشە. ٧٠ وڵات ئەم پەیماننامەیان واژۆ و پەسەند کردووە، بەڵام هیچ هێزێکی ئەتۆمی لەنێو ئەو لیستەدا نییە. ئالیسیا سەندێرز زاکر یەک لە نوسەرانی راپۆرتەکە ICAN رایگەیاندووە، نۆ هێزە ئەتۆمیەکە دەبێت چاو لە وڵاتانی دیکەی جیهان بکەن و پەیماننامەکە واژۆ بکەن".

هـ . ب