عەزیز ئۆرمانلی ساڵی ٢٠٠٠ له‌ژێر زه‌ختدا لە گوندی بابوکای ناوچەی سلۆپیی سەر بە شرنا‌خ دەرکرا. ئۆرمانلی پاش ماوه‌یه‌كی درێژ لەگه‌ڵ قه‌له‌كانی گەرایەوە گوندەکەی. ناوبراو کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لەنێوان عێراق و تورکیادا کاری شۆفێری كرد، پیشه‌ی خۆی گۆڕی و بڕیاری دا کە شوێنی بەخێوکردنی قه‌ل بکاتەوە.
ئۆرمانلی ڕایگه‌یاند، لە شارۆچكه‌كه‌یاندا کارێک نه‌ماوه کە بیكه‌ن و گووتی: «به‌ر له ٣ ساڵ گەرامەوە بۆ گوندەکەی خۆمان و ٨٠٠ قه‌لم كڕی و ده‌ستم به به‌خێوكردنیان كرد. بە گشتی لەو کارەدا ١٥ هەزار لیره‌ی تورکیم خەرج کرد. ئێستا من ده‌توانم بە ئاسانی بژێوی ژیانی خۆم دابین بكه‌م. من ئێرەم بە ده‌رفه‌ته‌كانی خۆم کردەوە.»
«بەخێوکردنی قه‌ل لە زستاندا ئاسانتره»
ئۆرمانلی ده‌ستنیشانی كرد، هه‌ر قه‌لێك كه نەخۆش نه‌بێت، هه‌موو رۆژ هێلکەیەک دەکات. گوتیشی: «ئەو هێلکانە ده‌خه‌مه نێو ماكینه‌ی هەڵهێنانی جوجکە. بە هۆی ئەو ئامێره‌وه کە من پار کریمەوە، توانیومە جوجکەی باشتر بەرهەمبهێنم. کاتێک کە مرۆڤ بۆ كاره‌كه‌ی پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، قازانجەکان هەر ساڵ بەرەو زیاد بوون ده‌ڕۆن. من هەموو قه‌له‌كان ده‌خه‌مه ده‌ره‌وه. لە دەرەوە، له‌نێو سرووشتدا خۆیان بەخێو دەکەن. تاوەکوو کاتژمێر ٨ی به‌یانی له‌نێو سرووشتدا ده‌گه‌ڕێن و پاشان دێنه‌وه نێو قەفەزەکانیان.»
ئه‌و هاوڵاتییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئەو قه‌لانه‌ی کە نەخۆش ده‌بن، شوێنێكی تایبه‌تی دروست كردووه. له‌وباره‌یه‌وه گوتی: «دەرمان و ڤیتامینیان پێده‌ده‌م و لە ژیانی سرووشتی دایاننابڕم. له زستاندا بەخێوکردنیان ئاسانترە. لە هاویندا بەهۆی گەرماوە لاواز دەبن و لە زستانیشدا قه‌ڵه‌و دەبن.»
«هه‌تا لە دەستم بێت، لە کارەکەم بەردەوام دەبم»
ئۆرمانلی گلەیی لە زیادبوونی بەهای دانه‌وێڵه دەکات و ده‌ڵێت: «ئێمە یەک قه‌ل بە ٧٠ -٨٠ لیرە دەفرۆشین. زۆربه‌یان کێشیان ٧ بۆ ٨ کیلۆیە. ئەگەر كێشیان زیاتر بێت، نرخه‌كه‌شی زیاتر ده‌بێت. نابێ بە زیادکردنی نرخی دانه‌وێڵه، ئێمه‌ش له خۆراكی قه‌له‌كان کەم بکەینەوە. نازانم ئەو نرخه‌ی کە لەسەر دانه‌وێڵه دادەنرێت، تا کەی بەردەوام دە بێت. به‌ڵام بڕیارم داوە تاوەکوو لە دەستم بێت، لە کارەکەمدا بەردەوام بم. ئەگەر دەوڵەت جارێکی دیکە ئێمە لە گوندەکەمان دەرنەکات، لەو کارەدا بەردەوام دەبم.»
s.m