په‌یه‌ده‌ و ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی شه‌نگال جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سوور پیرۆز ده‌كه‌ن

ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی شه‌نگال و پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌) له‌ ٢ په‌یامی جیاوازدا جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سوور-یان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی پیرۆز كرد.

ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتیی شه‌نگال به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سوور په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

«پیرۆزبایی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی گه‌له‌كه‌مان پیرۆز ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ هۆی یه‌كێتیی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی. پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ دژی هه‌موو هێرش و فه‌رمانه‌كان خاوه‌نداره‌تی له‌ كولتوور و باوه‌ڕیی هه‌زاران ساڵه‌ی خۆی بكات. پێویسته‌ ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی له‌پێناو ئێزیدخانێكی ئازاد ده‌ست بخه‌ینه‌ نێو ده‌ستی یه‌كتر و ئێزیدخان به‌ یه‌كێتیی خۆمان بڕازێنینه‌وه‌. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌مه‌ش جه‌ژنی سه‌ری ساڵ ده‌بێته‌ هۆیه‌كی باش.

ئێمه‌ جارێكی دیكه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و ته‌واوی داموده‌زگه‌كانی شه‌نگال بانگی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین كه‌ ڕوو له‌ خاكه‌كه‌یان بكه‌ن و جه‌ژنی پیرۆزی خۆیان له‌ ئێزیدخان پیرۆز بكه‌ن. گه‌له‌كه‌مان به‌هۆی فه‌رمان كۆچیان كردووه‌ و ٥ ساڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ جه‌ژن پیرۆز ده‌كه‌ن. ئێمه‌ هیوادارین كه‌ ساڵی داهاتوو پێكه‌وه‌ له‌ شه‌نگال جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سوور پیرۆز بكه‌ین.»

په‌یه‌ده‌ پیرۆزبایی كرد

پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌) جه‌ژنی چوارشه‌ممه‌ی سووری پیرۆز كرد و ڕایگه‌یاند، «له‌ دژی كۆمه‌ڵكوژی و پاكتاوكردن كه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی و كولتووره‌كه‌یان ده‌سه‌پێنرێت، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تێكۆشانمان گه‌وره‌ ده‌كه‌ین.»

s.m