گولسوم كاڤ نوێنه‌ری پلاتفۆڕمی «ڕێ له كوشتنی ژنان ده‌گرین» ده‌رباره‌ی ده‌ستدرێژی و دڕندایه‌تیی له به‌رانبه‌ر منداڵان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات ANF دوا و ده‌ستنیشانی كرد، ده‌سه‌ڵاتداره‌تی كه به ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی خۆی هه‌ڵناستێت، به‌رپرسیاره له به‌رانبه‌ر ئه‌م كێشه‌یه.
په‌یوه‌ندی به گۆڕینی ڕژێمه‌وه هه‌یه
كاڤ ده‌ستنیشانی كرد كه زیادبوونی توندوتیژی له دژی منداڵان په‌یوه‌ندی به گۆڕینی ڕژێمی توركیا و ته‌نگه‌تاوبوونی ده‌وڵه‌تی قانوون هه‌یه و ئاماژه‌شی بۆ هه‌ڵبژاردن كرد.
«هه‌ر وه‌ك چۆن ئێمه ناتوانین سندووقه‌كانی خۆمان بپارێزین، ناتوانین منداڵه‌كانی خۆشمان بپارێزین. ئێستا له توركیا مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان پێشێل ده‌كرێن. مافی ژیانی ژنان و مافی ده‌نگدان پێشێل ده‌كرێن. وه‌ڵاتێك كه نه‌توانێت منداڵانی خۆی بپارێزێت، له ده‌ستی نایه‌ت مافێكی دیكه بپارێزێت. قبووڵكردنی ئه‌م ناحه‌قییه ڕێ بۆ زۆر ناحه‌قی دیكه خۆش ده‌كات.»
كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی په‌رده‌پۆشكردنی بابه‌ته‌كه‌یه
كاڤ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه گه‌وره‌ترین كێشه‌ی بابه‌تی ده‌ستدرێژیی سه‌ر منداڵان، په‌رده‌پۆشكردنی بابه‌ته‌كه‌یه و گوتی: «زیهنیه‌تی هه‌یی پێی وایه به په‌رده‌پۆشكردن كێشه‌كه نامێنێت.»
گولسوم كاڤ مامه‌ڵه‌ی وه‌زیری كاروباری سیاسه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خێزان سه‌ما ڕه‌مه‌زان ئۆغلووی به‌بیرهێنایه‌وه كه كاتێك خاوه‌نداره‌تی له مامۆستایه‌كی وه‌قفی ئه‌نسار به ناوی م. ب ده‌كرد كه ده‌ستدرێژی كردبووه سه‌ر منداڵێك. وه‌زیر گوتبووی: «جارێك كردوویه‌تی، هیچ نابێت.»
نوێنه‌ری پلاتفۆڕمی «ڕێ له كوشتنی ژنان ده‌گرین» گوتی: «كاتێك پڕۆژه‌كانی لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان له په‌رله‌مان ڕه‌تكرانه‌وه، پیرۆزبایی ده‌كرا. كۆمسیۆنی وه‌هامان بینین كه پێشنیازیان ده‌كرد منداڵان له كاتی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ریان هاوسه‌رگیرییان پێبكرێت. ئێمه بینیمان كه منداڵانی بچووك به ناوی «شه‌هید» و «وه‌ڵات» چۆن له ڕووی سیاسییه‌وه ده‌ستدرێژییان ده‌كرێته سه‌ر. كاتێك ده‌سه‌ڵاتداره‌تی به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه بكات، كۆمه‌ڵگه‌ش له‌و ئاسته‌دا خرا ده‌بێت.»
له‌سێداره‌دان و خه‌ساندن چاره‌سه‌ر نییه
كاڤ هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه كاتێك ڕووداوه‌كانی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان زیادی كردووه، ده‌سه‌ڵاتداره‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه په‌رده‌پۆش بكات، سزای له‌سێداره‌دان و خه‌ساندنی خستووه‌ته ڕۆژه‌ڤه‌وه. گوتیشی: «ئه‌مه چاره‌سه‌ر نییه.»
گولسوم كاڤ ده‌ستنیشانی كرد ئه‌و قانوونانه‌ی كه هه‌شن جێبه‌جێ ناكرێن و گوتی: «ساڵانی ڕابردوو به گوێره‌ی خاڵه‌كانی ١٠٣ و ١٠٤ی قانوونی سزادانی توركیا ١٥ هه‌زار كه‌س به‌هۆی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان دادگه‌یی كراون، به‌ڵام یه‌ك له ده‌ش سزا نه‌دراون.»
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه به‌ر له سزادان، په‌یمانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ك په‌یمانی مافی منداڵان هه‌ن كه له‌پێناو ئه‌وه‌ی منداڵان زیانیان پێنه‌گات ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێن. گوتیشی: «له به‌رانبه‌ر ئێمه كێشه‌یه‌كی پزیشكی و نه‌خۆشییه‌ك نییه. ئه‌وه‌ی هه‌یه كێشه‌یه‌كی سه‌ختی كۆمه‌ڵایه‌تییه و پێویسته هه‌ر له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێوشوێن بگیرێته‌به‌ر.»
s.m