بە دیمەن

بڕیاری دامەزراندنی کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کورد لە ئەوروپا درا

میدیاکارانی کورد کە لە ئەوروپا، بڕیاریاندا بە دامەزراندنی کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کورد لە ئەوروپا.

ڕۆژنامەنووسانی کورد لەسەر بانگەوازی زیاتر لە ٧٠ میدیاکاری وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا لە شاری ئالستی بەلژیکا کۆبوونەوە، وتوێژیان کرد دەربارەی ڕێکخستنێک کە وەڵامگۆی سەردەمی نوێ بێت و بڕیاریاندا بە دامەزراندنی کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کورد لە ئەوروپا.

کۆبوونەوەکە ١٩ ی نیسان دەستی پێ کرد و ٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەتەواوەتی بە زمانی کوردی بوو. تێیدا ڕەوشی میدیای کورد، پرۆسەی سیاسی ئێستە و ڕۆڵی میدیای کورد تاوتوێ کرا.

پێشنیارکرا میدیای کورد لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵدا، بەگوێرەی هەلومەرجی نوێ خۆی ڕێکخستن بکات. جەختکرایەوە، ئەرکی میدیا تەنها ئاشکراکردن نییە، بەڵکو گۆڕان و بنیاتنانە.

هەروەها تێیدا باس لە ئەزموون و ڕێکخراوبوونی ژنان لە بواری میدیای کوردی کرا.

ڕۆژنامەنووس گوڵستان ئیلکە پێشنیاری کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ئەزموونی کورد ئەکادیمیایەکی میدیایی ئۆنلاین بکرێتەوە. جەختی کردەوە، میدیا لە کۆمەڵگە دوورکەوتووەتەوە، ئەمە کێشەیەکی جددییە. گوتی: "میدیا لەگەڵ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و گۆڕینی زیهنیەت".

لە کۆتا ڕۆژدا، بۆچوون و پێشنیارەکان بۆ چۆنێتی ڕێکخستنێکی گونجاو خرانەڕوو. تێیدا پێشنیارکرا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی میدیاکارانی کورد لە ئەوروپا و بە زۆرینەی دەنگ قبووڵ کرا.

پاشان کۆمیتەیەکی ١١ کەسی هەڵبژێردرا بۆ کارکردن لەپێناو ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی مەزن بۆ بنیاتنان و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەکە.

لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایە سەر ڕۆڵی میدیا لە تێکۆشانی چەند ساڵەی گەلی کورد بۆ ئازادی. جەختکرایەوە، هەموو بەشداران هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت ڕۆژنامەنووسانی کورد لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی ئازاد کۆببنەوە و ئەم ڕێکخستنە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، ئەم بڕیار و پێشنیارانە دران:

-بڕیاردرا کۆمەڵەیەکی یاسایی بۆ ڕێکخستنەکە دابمەزرێت؛ بارەگای سەرەکی کۆمەڵەکە لە برۆکسل دەبێت و ئەندامانی لە هەموو وڵاتانی ئەوروپاوە وەردەگیرێن.

- ناوی کۆمەڵەکە بە زۆرینەی دەنگ وەک "کۆلێکتیڤی میدیاکارانی کورد لە ئەوروپا" هەڵبژێردرا.

- بڕیاردرا کۆمیتەیەک لە ١١ کەس پێکبهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵەکە.

-ئەم کەسانە هەڵبژێردران بۆ بەڕێوەبردنی کۆمیتەکە؛ ئامەد دیجلە، گوڵستان چیا ئیلکە، هیدایەت ئیبراهیم، ​​دیار عەزیز شەریف، ڕۆنی ئایلەم، نیاز عەبدوڵا، ڕۆژدا دەلال، ماهیر ئوزمەز، ماکسیم دەمیرالپ.

-کۆمیتەی هەڵبژێردراو دەتوانێت ٢ کەسی دیکە لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی لەخۆ بگرێت.

-کۆمیتەی بەڕێوەبردن دەستپێشخەری هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان بە پشتبەستن بە گفتوگۆ و بڕیارەکانی کۆنفرانسی ئالست تا کۆنفرانسی دامەزراندن کە لە پاییزی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت.