لە سەرتاسەری جیهان کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لەچاو ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە

کۆمیتەی بەرگریی لە ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە ئەمساڵدا کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەرتاسەری جیهان زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٣٠ ڕۆژنامەنووس.

ژمارەی تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنوسان لە سەرتاسەری جیهاندا لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەتایبەت ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەکاتی ڕوماڵکردنی هەواڵەکانی جەنگدا کوژراون، لەوبارەیەوە کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان CPJ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەهۆی کارەکانیانەوە لەمساڵدا کوژراون زۆر زیاتر بووەو لەلایەن چەتە و میلیشیا تاوانکارەکانەوە کراونەتە ئامانج.

لەسەر ئاستی جیهان لەمساڵدا لانیکەم ٣٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون کە ٢١ ڕۆژنامەنووسیان هۆکاری کوشتنەکەیان تۆڵەسەندنەوە بووە لەسەر ئەو کارانەی ئەنجامیانداوە، ئەوەش بازدانێکی گەورەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە ١٠ رۆژنامەنوس کوژرابوون، هاوکات ڕۆژنامەنووسانی دیکەش لە شەڕ و پێکدادان یان ئاگرکەوتنەوە یان لە ئەرکی دیکە کوژراون کە بە کۆتاییەکی مەترسیدار کۆتاییان پێهاتووە.

ەپێی ڕاپۆرتەکەی CPJ، لەمساڵدا مەکسیک و ئەفغانستان و فلیپین بەرزترین ژمارەی کوشتنی تۆڵەکردنەوەیان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لە مردنی ١٥ ڕۆژنامەنووسی دیکە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا کاری ئەو ڕۆژنامەنووسە هۆکاری مردنی بووە یان نا، لە کاتێکدا بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ کە ٢٦ ڕۆژنامەنووس کوژراوە، ئامارەکە بەلای CPJ بەرزە و جێی نیگەرانییە، چونکە لەمساڵدا چالاکی ڕۆژنامەنوسی بەهۆی کەرەنتینەی کۆرۆناوە کەم بووە.

هەرچەندە ئامارەکە ڕێژەیەکی بەرزی تۆمار کردووە، بەڵام نزمترین حاڵەتەکانی کوشتنیشی تێدا تۆمار کراوە لە شەڕەکاندا کە لەساڵی ٢٠٠٠وە هاوشێوەی نەبووە، لە کاتێکدا زۆربەی کوشتنەکان لە تۆڵەی سیاسی بووە.

بە تەنها لەمساڵدا لە مەکسیک پێنج ڕۆژنامەنوس کوژراون کە زۆربەیان لە لایەن باندەکانی مادە هۆشبەرەکانەوە بووە، لە فلیپینیش سێ ڕۆژنامەنوس کوژراون، هەروەها چوار ڕۆژنامەنوس لە ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانەوە لە تۆڵەی کارەکانیان کوژراون، لە ئێرانیش ١٥ زیندانی کراون و یەکێکیش لەلایەن ڕژێمەوە لەسێدارە دراوە، لە عێراقیش دوو رۆژنامەنوس بریندارکراون.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بە هەمانشێوە CPJ ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ڕۆژنامەنوسانەوە بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لەمساڵی ٢٧٤ ڕۆژنامەنوس دەستگیر کراون، لەو نێوەندەشدا تورکیا ڕیزبەندی یەکەمی لە ئامارەکە بەرکەوتبوو کە زۆربەیان کورد بوون، هەروەها ٣٠٠ ڕۆژنامەنوسیش ڕووبەڕووی دەسدرێژی بوونەتەوە کە زۆربەی حاڵەتەکانیش لەلایەن کارمەندانی دەوڵەتەوە بووە.