بانگەواز بۆ بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوبەش

کەژار و ژمارەیەک گروپی هەرەوەزی چەپ و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان بۆ بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوبەش کە بەشێوەی هاوکات لە چەندین شار و وڵات بەڕێوەدەچێت بانگەوازێکیان راگەیاند.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لەگەڵ چەندین دامەزراوە و رێکخراو و گروپی هەرەوەزی چەپ، دیموکرات، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان بۆ بەشداری لە چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوکات و هاوئاراستە لە چەندین شار و وڵات بانگەوازێکیان راگەیاند.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"رژێمی تاوانکار و دژە ژنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوای سەرهەڵدانە شکۆدار و سەرتاسەریەکەی ژینا و تێکۆشانی بێوچان و بەردەوامی سەرجەم ئازادیخوازان و خۆڕاگری هەمەلایەنەی ژنان لە شەقامەکان لە دژی حیجابی زۆرەملێ و بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و جیاکارییەک، تووشی تۆقین و شڵەژان بووە. بۆیەش لەلایەکەوە بەخێراییەکی زۆر سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات و یەک لە دوای یەک سزا بەسەر زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و زیندانیانی گشتی لە ناوچەکانی وەک کوردستان، بەلوچستان، خوزستان، ئەسفەهان، کەرەج و شارەکانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران دەسەپێنێت، بۆ ئەوەی بە خوڵقاندنی ترس و تۆقین تێکۆشەران بێدەنگ بکات. لەلایەکی دیکەوە بە پیلانگێڕییەک لە ژێر ناوی "پرۆژەی نور" سەرلەنوێ بەکرێگیراوانی خۆیان خزاندووەتە ناو شەقام و زیاتر پەرەی بە سەرکوتی دڕندانەی ژنان داوە، بۆ ئەوەی رەنگە بتوانێت دەستکەوتە شکۆدارەکانی راپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" زەوت بکات و بەر بە بڵێسەی شۆڕش بگرێت.

لە دوایین راپۆرتی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێراندا کە لە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (٢ی ئایاری ٢٠٢٤) بڵاوکرایەوە، هاتووە کە لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٦ی نیسانی ٢٠٢٤) تا ١١ی بانەمەڕ (٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤) لانیکەم ٦٤ زیندانی لەسێدارەدراون. لە ٢٣ تا ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (١٢-١٨ی ئایاری ٢٠٢٤)ش لانیکەم ٢٠ زیندانی لەوانە ٣ ژن بە ناوەکانی رازیە، پەروین موسەوی و فاتمە عەبدوڵاهی، یەک منداڵ-تاوانبار بە ناوی رامین سەعادەت و یەک زیندانی باوەڕی کورد بە ناوی خوسرەو بەشارەت (لەدوای ١٤ ساڵ زیندان و ئەشکەنجەی بەربڵاو)، لە زیندانە جیاجیاکاندا لەسێدارەدراون. دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی یەک لە دوای یەک بە تۆمەتەکانی هەڵگەڕانەوە لە خودا، شەڕ لە دژی خودا، خراپەکاری لە سەر زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی وەک توماج ساڵحی، گۆرانیبێژی راپی بەناوبانگ و خۆشەویستی خەڵی ئێران و زیندانیانی سیاسی دیکەی وەک رەزا رەسایی، عەباس دریس، موجاهید کورکور، مەحمود مێهرابی، کامەران شێخە و سەدان زیندانی دیکە کە مەترسی دەرکردن سزا و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لە ئان و ساتدایە و بەردەوام رووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و درونی دەکرێنەوە، تەنیا و تەنیا نیشاندەری دەستەوەستان و داماوی رژێمە بەرامبەر بەم هەموو ئازایەتی و بەرخۆدانەی تێکۆشەران و بنەماڵەی دادخوازانیان.

تێکۆشانی بێ وچانی خەڵکی ئێران لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" دەریخستووە کە نە دەرکردن و هەڵپەساردن لە کار، لە دەرکردن و هەڵپەساردنی لە زانکۆ و قوتابخانەکان، نە داخستنی شوێنکارەکان و نە سەرکوت، دەستبەسەرکردن، زیندان، ئەشکەنجە، گێچەڵی سێکسی، دەستدرێژی و تەنانەت لەسێدارەدان، نەیتوانیوە ورە و ویستی پتەوی ئەوان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی سست بکات. دەسەڵاتی ستەمکار، دواکەوتوو و ئیسلامی ئێران کە بە گەندەڵترین چوارچێوەیەوە تەننیا لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات و قازانجی زیاتر و بە جیاکاری قووڵی رەگەزی، چینایەتی، نەتەوەیی، ئایینی و باوەڕی و هەلومەرجی کارەساتباری ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری ژیانی خەڵکی ئێرانی رەش و تاریک کردووە، جگە لە روخاندنی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەم خەڵکی تێکۆشەر و دادپەروەریخوازی ئێران نەهێشتووەتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە ئێمە وەک دامەزراوە و گروپە هەرەوەزیە چەپ، دیموکرات، فیمینیست و کوئیر کە واژۆی ئەم بانگەوازەمان کردووە، چەندین گردبوونەوەی هاوکات و یەک ئاراستە لە چەند شار و وڵاتێک لە رۆژی شەممە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ کە دەکاتە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بۆ پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ تێکۆشانی خەڵکی ئێران سازدەکەین. داوا لە ئازادیخوازانی دیکە، رێکخراوە و دامەزراوەکانی ژنان، خوێندکاران، کرێکاران، دادخوازان و چالاکوانانی نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، ژینگە و کۆمەڵگەی کوئیر (+LGBTQIA) و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لە سەرتاسەری جیهان دەکەین لەگەڵمان بەشداربن.

بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، قامچی و قەدەغەکردنی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک

بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە سەرکوت، ستەم و هەڵاواردنێک

بۆ ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی-باوەڕی

بۆ ژن، ژیان، ئازادی

بڕوخێت کۆماری ئیسلامی ئێران

بژی ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی

ناونیشانی ئیمەیل بۆ پەیوەندی و بەشداربوون لەم هەنگاوە هاوبەشە: [email protected]  

 ناوی ئەو رێکخراو وگروپە هەرەوەزیانەی ئەم بانگەوازەیان واژۆکردووە بە پێی ریزبەندی ئەلفەبێ:

-کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)- بەرلین

- کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)- کۆڵن

- ئەنجومەنی ئێرانیە چەپ و دیموکراتیکەکان-ماینس

- ناوەندی پەنابەرانی سیاسی ئێرانی-بەرلین

-ناوەندی چالاکوانانی دیموکراتیک و سۆسیالیست-هانوفەر

- هەرەوەزی هاوکاری- کۆڵن

- کۆمیتەی پشتیوانی لە تێکۆشانی خەڵکی ئێران- بەرلین

- کۆمیتەی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی ئێران- بەرلین

-کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ تێکۆشانی خەڵکی ئێران- فرانکفۆرت

-چالاکوانانی کوئیر فیمینیستی سەربەخۆ- کۆڵن".

هـ . ب