بەهۆی شەڕ لە سەر سنووری ئازەربایجان-ئەرمئنیا ٧ کەس کوژران

لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا جارێکی دیکە شەڕ هاتە ئاراوە و ٧ کەس لە هەردوولا کوژران.

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، کە لە شەڕدا ٤ سەرباز کوژراون و ٦ سەربازیش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجانیش ئاماژەی بەوەکردووە ٣ سەرباز کوژراون و لەبارەی ژمارەی بریندارەکانیش هیچ زانیارییەکی رانەگەیاندووە.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە نزیک ناوچەی دیگ لە سەرسنوور هێزەکانی ئەرمینیا دەستڕێژی گولـلەیان لە هێزە ئازەرییەکان کردووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیاش ئاماژەی بەوەکردووە کە رۆژی سێ شەممە کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ناوچەکە سەربازانی ئازەری تەقەیان لە سەربازانی ئەرمەنی کردووە کە سەرقاڵی کاری ئەندازەیی بوون لەو ناوچەیە.

ئەو دوو کۆمارەی پێشووی سۆڤیەت کە کەوتوونەتە ناوچەی قەوقاز لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەی قەرەداغ بۆ ماوەیەکی کورت تووشی شەڕ و پێکدادان بوون. ئازەربایجان کە راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرا لەو شەڕەدا چەندین ناوچەی داگیرکرد. بە نێوەندگیری رووسیا هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا بە بەردەوامی لەسەر سنووری شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە.

هـ . ب