بەرلین دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران دەردەکات

دوای ئەوەی دەوڵەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاوڵاتیەکی ئێرانی- ئەڵمانیدا سەپاند، حکومەتی بەرلین بڕیاریدا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەڵمانیا دەربکات.

هاوڵاتی ئێرانی- ئەڵمانی بە ناوی جەمشید شارمەهد دوای ئەوەی دەستگیرکرابوو، رۆژی سێ شەممە لەلایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە شارمەهدی تەمەن ٦٧ ساڵ لە نیسانی ٢٠٠٨دا لە هێرشێک بۆ سەر مزگەوتێک لە شیراز تێوەگلاوە.  لەو هێرشەدا ١٤ کەس ژیانیان لەدەستدابوو.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و چەندین رێکخراوی دیکە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان بەسەر شارمەهد شەرمەزار کردبوو.

ئانالینا بایەربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "بانگهێشتی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئێرانم کرد و پێم راگەیاند کە قەبوڵی ناکەین مافی هاوڵاتییەکی ئەڵمانی پێشێل بکرێت".

بایەربوک ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی ئەڵمانیا داوای کردووە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەرلین دەربکرێن".

دوای ئەوەی لە ١٦ی ئەیلولدا ژینا ئەمینی کوژرابوو، یەکێتی ئەوروپا دوو وەزیری ئێرانی و ٣٠ کاربەدەستی ئەو وڵاتەی خستبووە لیستی سزاکانەوە.

هـ . ب