رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک لە گەنجانی کورد و ئینترناسیۆناڵیستەکان بە چالاکییەکی شاخەوانی بۆ سەر چیای سنەودانیە یادی هەڵمەتی مێژوویی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤یان کردەوە، کە بە فەرماندەیی مەعسوم کۆرکماز (عەگید) کاروانی تێکۆشانی چەکداری کەوتەڕێ، کە ٤٠ ساڵە بێ وچان بەردەوامە.
گەنجان لە ماوەی سێ کاتژمێردا گەیشتنە سەر لوتکەی چیای سنەودانیە و لە سەر لوتکەی شاخەکە سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگی یادی شەهیدان کرایەوە و دواتر لە سەر ناوی کۆمەڵەی کوردی نۆرس وێستی لیڤەرپول، ئەیلەم کەریم وتەیەک پێشکەشکرا و تیایدا باس لە گرنگی هەڵمەتی ١٥ ی تەباخ کرایەوە، کە وەک وەک جەژنی ژیانەوەی گەلی کورد ناسراوە.
پاشان ئیسحاق میلانی هاوسەرۆکی جڤاکی ئازاد لە بەریتانیا وێڕای پیرۆزبایی یادی ٤٠ ساڵەی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ، سوپاسی گەنجانی هەرچوار پارچەی کوردستان و دۆستانیان کرد کە بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لەو یادەدا کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد گەنجان پشتئەستور بە دەنگی فیشەکی عەگیدەکان دەردەکەون.
هاوسەرۆکی جڤاکی ئازاد لە بەریتانیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا تیشکی خستە سەر بەردەوامی گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی وتی: "پێویستە هەموو جیهان و بەتایبەتی دەوڵەتی تورکی فاشیست بزانن، ئێمە بە پێشەنگایەتی ژنان، گەنجان و دۆستانمان تێکۆشانمان لەپێناو ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد فراوان دەکەین و تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان بەردەوام دەبین لە تێکۆشان".
ئیسحاق میلانی جەختیشی کردەوە، کە لە دژی گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی و رێگری لە دیداری بنەماڵە و پاڕێزەران لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٤١ مانگە بەردەوامە، هەموو شوێنێک دەکەنە گۆڕەپانی تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری.
بەشداربووانی چالاکییەکە پەیامی چالاکیەکە و پرسی گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵییان گەیاندە سەدان شاخەوان و گەشتیان کە لە سەر لوتکەی چیاکەبوون.
دوای چوار کاتژمێر چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک "ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخودانی گەلی کورد" کۆتایی بە چالاکییەکە هێنرا.