بزوتنەوەی تالیبان دەروازەی سنوری نێوان ئێران و ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد

بزوتنەوەی تالیبان رایگەیاند، هێزەکانیان دەروازەی سنوری ئیسلام کالەی نێوان ئێرانو ئەفغانستانیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

ئیسلام کالە دەکەوێتە ویلایەتی هەراتی رۆژئاوای ئەفغانستان. زەبیدوڵلا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تالیبان بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دەروازەی ئیسلام کالە بە تەواوی لەلایەن هێزەکانیانەوە کۆنتڕۆڵکراوە و ئەمڕۆ دەکرێتەوە."

ئیسلام کالە یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی ئەفغانستانە. بازرگانی یاسایی نێوان هەردوو وڵات زیاتر لە رێگەی ئەم دەروازەیەوە ئەنجام دەدرێت.

حکومەتی کابول کە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران جێبەجێ ناکات، نەوت و گاز لە ئێران دەکڕێت.

ئیسلام کالە دووەم دەروازەی سنوریە کە تالیبان لە مانگی ئایارەوە کۆنتڕۆڵی کردووە. دوای ئەوەی ئەمریکا بە فەرمی لە مانگی ئایاردا لە ئەفغانستان کشایەوە، تالیبان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لەو وڵاتە کرد. چاوەڕێ دەکرێت دوایین کاروانی سەربازی ئەمریکا ٣١ی ئاب لە ئەفغانستان بکشێتەوە.

بزوتنەوەی تالیبان مانگی رابردوو دەروازەی سنوری شیرخانی نێوان ئەفغانستان و تاجیکستانی کۆنتڕۆڵ کردبوو.

تالیبان لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەروەها ژمارەیەک ناوچە و شاری کۆنتڕۆڵ کردبوو. 

ف.ق