چالاکوانی بەلجیکی: عەبدوڵا ئۆجالان بووەتە سەرچاوەی هیوا

چالاکوانی بەلجیکی دیێگۆ دێل نۆرتێ داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانی کرد و رایگەیاند، "ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان نەک هەر بۆ کورد، هەروەها بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بووەتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن".

تادێت لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی پشتیوانیەکانی بەش و توێژە جیاجیاکان لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی سیاسی کورد' کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە لەسەرانسەری جیهان دەستیپێکردووە، زیاتر دەبن.

لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لە بەلجیکا دیێگۆ دێل نۆرتێ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی، پاڕادیگمای کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەو کەسانەی بەدوای جیهانێکی نوێدا دەگەڕێن بووەتە سەرچاوەی هیوا و سوودوەرگرتن. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هەڵمەتەی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکراوە زۆر گرنگە و دەبێت خاوەنداری لێبکرێت.

'عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەلانی جیهان بووەتە سەرچاوەی سوودوەرگرتن'

چالاکوان دێل نۆرتێ وتی، "لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان بۆ نمونە لە فلیپین، هیندستان و کۆلۆمبیا و لە ناوچە جیاجیاکانی ئەوروپا خەڵکێکی زۆر پاڕادیگمای کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی عەبدوڵا ئۆجالان وەک ئایدۆلۆژیایەک بۆ سوودوەرگرتن دەبینن" و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "بە بڕوای من پاڕادیگمای عەبدوڵا ئۆجالان زۆر بوێرانە و سەرچاوەی سوودوەرگرتنە کە پێمان نیشان دەدات، ئێمە رووبەڕووی همان ئەو کێشانەین. زۆریەک لە ئێمە دەیەوێت کە لە سەرووی ئەو شێوازە نەریتیەی کە فێرمان کراوە، بە رێگە و رێبازی جیای بە رێکخستنکردنی کۆمەڵگا بجوڵێینەوە. بەتایبەتی بابەتەکانی وەک نەتەوە-دەوڵەت، سنور، ناسنامەی جیاجیا کە لەم ماوانەی دواییدا بەردەوام دەبنە جێگەی مشتومڕ و دەکەونە بەرباس، زۆر گرنگن. لە بەرامبەر ئەو کێشانەی ئێمە بەرەوڕووی بووینەتەوە، پاڕادایمی عەبدوڵا ئۆجالان رێگەی رزگاریمان پێنیشان دەدات".

'دەبێت لە پێناو ئازادی ئەودا تێبکۆشین'

چالاکوان دێل نۆرتێ ئاماژەی بە گرنگی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کرد کە ١٠ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و وتی، "گەلی کورد و سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان وەک گەلێکی شۆڕشگێڕ بە درێژایی مێژوو گوشارێکی قورس و گۆشەگیرییان رووبەڕووکراوەتەوە. عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە ناو بارودۆخی نایاسایی و نامرۆڤانەدا راگیراوە و دەبێت کۆتایی بەوە بهێندرێت".

دێل نۆرتێ ئەوەی خستەڕوو کە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت لە هەموو ناوچەیەک تێکۆشان بەڕێوەببرێت و وتی، "ئۆجالان بۆ سەرجەم ئەو مرۆڤانەی لە چوارلای جیهان لەپێناو بونیادنانی جیهانێکی نوێدا لە تێکۆشاندان، دەبێتە سەرچاوەی هیوا و سوودوەرگرتن. دەبێت ئێمە داوای ئازادی ئۆجالان بکەین. هەروەها خوێندنەوەی بەرهەم و ئەندێشەکانی ئۆجالان بۆ ئێمە سوودبەخشە. ئۆجالان لە هەمان کاتدا نوسەرێکی خاوەن بەرهەمە کە پەیوەست بە سەردەمی ئێستا خاوەن ئەندێشەی قووڵە".

هـ . ب