چین لە ساڵی ٢٠٢٨دا ئەمریکا تێدەپەڕێنێت

بەپێی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەى کار و ئابووری، چین لە ساڵی ٢٠٢٨دا دەبێتە گەورەترین ئابووریی جیهان و ئەمریکا تێدەپەڕێنێت.

لە راپۆرتەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەى کار و ئابووری دا هاتووە، چین بە خێرایی خۆی لە کاریگەرییە خراپە ئابوورییەکانی پەتای جیهانگیری کۆرۆنا رزگار کرد و چاوەڕێ دەکرێت، ساڵی ٢٠٢٨ ببێتە گەورەترین ئابووری جیهان.

بەپێی راپۆرتی ساڵی رابردووی ناوەندی لێکۆڵینەوەى کار و ئابووری، چین لە ساڵی ٢٠٣٣دا دەبوو بە بەهێزترین ئابووریی جیهان و لەو ساڵەدا ئەمریکای تێدەپەڕاند، بەڵام لە راپۆرتی ئەمساڵیدا ئەو ماوەیەی ٥ ساڵ پێشخستووە و ئاماژەى بەوەکردووە، چین لە ساڵی ٢٠٢٨دا دەبێتە بەهێزترین ئابووری جیهان و دوای ٧ ساڵی تر ئەمریکا تێدەپەڕێنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئابووری چین لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە رێژەى سەدا ٢ گەشەی کردووە، بەڵام ئابوریی ئەمریکا سەدا ٥ کەمیکردووە و  ئەو بچووکبوونەوەیەى ئابووریی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، گەورەترین بچووکبوونەوەیە، کە تووشی ئابووریی ئەمریکا هاتووە.

پشکی ئابووریی چین لە ئابووریی جیهاندا لە ماوەى ٢٠ ساڵی رابردوودا لە سەدا ٣.٦ ەوە گەیشتووەتە سەدا ١٧.٨ و بەپێی ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت، داهاتی ساڵانەى تاک لە چین لە ساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ١٢ هەزار و ٥٣٦ دۆلار  و ئەوەش نیشانەى گەشەى بەردەوامی  ئابووریی چینە، بەڵام سەرباری ئەوەش چین بەو ژمارەیە هێشتا زۆر مەودای لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا هەیە، چونکە داهاتی تاکە کەس لە ساڵێکدا لە ئەمریکا ٦٣ هەزار دۆلارە و لە بەریتانیاش ٣٩ هەزار دۆلارە.

بەپێی راپۆرتەکە، بەریتانیا کە لە یەکێتیی ئەوروپا جیابووەتەوە، لە لیستی ئابوورییە گەورەکانی جیهاندا لە ریزبەندی پێنجەمدا دەمێنێتەوە.

هەروەها چاوەڕێ دەکرێت، هێندستانیش لە ساڵی ٢٠٣٥دا ببێتە سێیەمین ئابووریی گەورەی جیهان.

ژ.ت