دادگای باڵای هیندستان بڕیاری نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەری کشمیری پەسند کرد

حکومەتی نارێندرا مۆدیی نەتەوەپەرست بڕیاریدا قەوارەی خۆبەڕێوبەری کشمیر هەڵبوەشێنێتەوە. دادگای باڵای هیندستانیش بڕیارەکەی پەسند کرد.

بڕیاری کۆتایی لە بارەی قەوارەی نیمچە ئۆتۆنۆمی جامو و کشمیر کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی مسوڵمان درا و دادگای باڵای هیندستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارەی پەسەند کرد.

هەروەها دادگای باڵای هیندستان بڕیاریدا کە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن لە جامو و کشمیر بەڕێوەبچێت.

دادگای باڵا رایگەیاند کە دەبێت لەماوەیەکی خێرادا جامو و کشمیر هاوشێوەی ویلایەتەکانی دیکەی هێندستان و لە یەک ئاستدا دابندرێن و لە ٢٤ی ئەیولی ٢٠٢٤ دا هەڵبژاردن لەو ویلایەتە بەڕێوەبچێت. سەرۆکوەزیران نارێندرا مۆدی بڕیارەکەی دادگای باڵای وەک "تیشکی هیوا" پێناسە کرد.

حکومەتی هیندستان ٥ ی ئاب کۆتاییهاتنی نیمچە ئۆتۆنۆمی کشمیری راگەیەندبوو. بە گوێرەی دەستتوری هەمیشەیی جامو کشمیر کەوتنە ناو دۆخێکی ئەمنی تایبەتەوە و قەوارەی تایبەتی ویلایەتەکە بە بڕیاری سەرۆکوەزیران هەڵوەشایەوە.

کشمیر ناوچەیەکی کێشەلەسەری نێوان هیندستان و پاکستانە و ئیسلام ئاباد ئەو ناوچە زۆرینە مسوڵماننشینە بە بەشێک لە خاکەکەی ناودەبات و بەو هۆیەوە بەردەوام پەیوەندییەکانی لە گەڵ نیودێلهی ئاڵۆزبوون.

دوای کۆتاییهاتنی حکومڕانی بەریتانیا لە هیندستان لە سآڵی ١٩٤٧، لە کشمیر لە پێناو پەیوەستبوون بە پاکستان سەرهەڵدان دەستیپێکرد و بۆ دەیان ساڵ ئاڵۆزی و شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوام بوو.

ساڵی ١٩٨٩ لە ئەنجامی راپەڕینێکدا نزیکەی ٧٠ هەزار کەس کوژران. پێشبینی دەکرێت بە هۆی بڕیارەکەی دادگای باڵای هیندستان، جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزی لە کشمیر دەستپێبکاتەوە.

هـ . ب