دۆستێکی کورد لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد
کلاوس شرییەر، دۆستی گەلی کورد، کە بە خەباتی لەپێناو گەلانی بندەست و چەوساوە ناسراوە، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کلاوس شرییەر، دۆستی گەلی کورد، کە بە خەباتی لەپێناو گەلانی بندەست و چەوساوە ناسراوە، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کلاوس شرییەر، چالاکوانی ئاشتی و دۆستی کورد، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، لە شاری میونخی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
ئەو چالاکوانەی ئاشتی، کە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای یەپەژە و لافیتەی "ئازادی بۆ ئۆجالان"، لە خۆپیشاندانەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە ساڵی ٢٠١٨دا، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا. دادگای کارگێڕی میونخ بە پاساوی "پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە" سزای ماددی بە بڕی ٢ هەزار و٨٠٠ یۆرۆی بەسەردا سەپاند. شرییەر تانەی لە بڕیارەکە دابوو و لە ئەنجامی تانەکەش سزاکە بۆ ٢٥٠ یۆرۆ کەمکرابووەوە.
کەرم شامبێرگەر، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا ڕایگەیاندووە، کلاوس شرییەر، شەوی ٢٤ی ئاب، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری میونخ کۆچی دوایی کردووە. وتیشی: کلاوس ڕۆژێک لەمەوبەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە. لە نەخۆشخانە توێکاری جەستەی بۆ دەکرێت. هێشتا نازانین هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی چی بووە.
شامبێرگەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوای توێکاری و رێکارەکانی نەخۆشخانە، بەرنامەی پرسەکەی ڕادەگەیەنرێت.
داواکاری ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانی کردبوو
کلاوس شرییەر، چالاکوانی ئەڵمانی لە هەواڵێکدا، کە ڕۆژی ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند: "یەپەگە کە لە دژی چەتەکانی داعش، ڕۆژئاوا و هەزاران ئێزدییان ڕزگارکرد، شایەنی ڕێز و هاوپشتییە، نەک تاوانبارکردن. داوای لابردنی قەدەغەکردنی پەکەکە و ئازادی ئۆجالان، بەشێکە لە مافی ئازادی ڕادەربڕین، کە لە دەستووری هەمیشەییدا هاتووە. بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکی نێوان تورکیا و گەلی کورد، ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان پێویستییەکە، کە نابێت دوابخرێت.
ژ.ن