دیپلۆماتی ئیتالی: ئیتر کاتی ئەوەیە کە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیتالیا فرانکۆ دانیەلی رایگەیاند، "ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت. دەبێت لە چوار لای جیهان لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەنگ هەڵببڕدرێت".

مافناس فرانکۆ دانیەلی کە پشتیوانی لە کەمپینی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دەکات، ئاماژەی بە گرنگی و پێویستی گەورەکردنی کەمپینەکە کرد.

فرانکۆ دانیەلی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨-٢٠٠٠ کاتێک ماسیمۆ دالێما سەرۆکوەزیران بوو، هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٨ لە سەردەمی حکومەتی سەرۆک وەزیران رامانۆ پرۆدیدا وەک جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا کاری دەکرد. دانیەلی ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیری چڕ و توندکراوی دەوڵەتی تورک لەسەر  رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا و لە پێناو ئازادی جەستەیی ئەودا بانگەوازی راگەیاند.

یاساناس فرانکۆ دانیەلی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ئەوەی خستەڕوو کە گۆشەگیری دژوار لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێونەتەوەییە و وتی، "تورکیا دەبێت پێوانە دیموکراتیکەکان لە رووی یاسای نێونەتەوەیی ئەنجومەنی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان قەبوڵ بکات کە بناغەی کۆمەڵگا دیموکراتیکن و ئەو پەیماننامانەشی واژۆکردوووە. تورکیا پێوانە بنچینەییە دیموکراتیکەکانی وەک ئازادی کەسی کە مافی بێ ئەملاولایە، بۆ هەموو کەس قەبوڵ ناکات. وەک لە نمونەی عەبدوڵا ئۆجالاندا دەبینرێت، تورکیا بە گوێرەی زۆر پەیماننامەی نێونەتەوەیی ناجوڵێتەوە کە هەر خۆی واژۆی کردوون".

'ناکرێت لە زینداندا بهێڵدرێتەوە'

فرانکۆ دانیەلی وتی، "هەلومەرجی زیندانی ئیمراڵی کە عەبدوڵا ئۆجالان تیادا زیندانیە مەترسیدارە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "بە بڕوای من، کاتی ئەوە هاتووە کە عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان ئازاد بکرێت. نابێت چیتر عەبدوڵا ئۆجالان لە زینداندا بهێڵدرێتەوە".

'یەکێتی ئەوروپا لەبەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگە'

دانیەلی ئماژەی بە بەرپرسیارێتی ئەوروپا لە پرسی بەدیلگرتن و گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "لەنێوان مافەکانی مرۆڤ وبەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا بەردەوام شەڕ هەیە. ئەو دۆخە بەردەوام بووەتە بناغەی پەیوەندی نێوان دەوڵەتان. پەیوەندی بەرژەوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان دەبنە مایەی ئەوەی چاو بەسەر زۆر پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤدا دەنوقێنن. یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی بەر بە کۆچبەران بگرێت کە دەیانەوێت رووبکەنە ئەوروپا، هاوکاری ئەردۆغان دەکات، هاوکات چاویش بە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا دەنوقێنێت. بێدەنگی بەرامبەر هەلومەرجی راگرتنی ئۆجالانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییەی یەکێتی ئەوروپا و ئەنقەرە".

'دەبێت کەمپینی ئازادی گەورەتر بکرێت'

پارێزەر فرانکۆ دانیەلی رایگەیاند کە ئەو پشتیوانی لە کەمپینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دەکات و ئەەی خستەڕوو کە دەبێت کەمپینەکە باشتر گەورەبکرێت. دانیەلی وتی، "بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، چەندین ساڵە زۆر دەستەبژێری وەک نوام چۆمسکی لە هەوڵدان. ئێمە پشتیوانی لەم کەمپینە دەکەین کە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت. لەبەر ئەوە بە بڕوای من دەبێت لە چوار لای جیهانەوە دەنگ بۆ هازادی عەبدوڵا ئۆجالان هەڵببڕدرێت".