فەد-کورد داوای بەرەنگاربوونەوەی دژ بە هێرشە داگیرکەرییەکان کرد

فەدەراسیۆنی ئازادی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند: داوا لە گەلەکەمان دەکەین بڕژێنەگۆڕەپانەکان. ڕۆژ ڕۆژی بەرفەراوانکردنی تێکۆشانە دژی فاشیزم و کۆمەڵکوژیی."

فەدەراسیۆنی ئازادی کوردستان فەد -کورد لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا سەبارەت بە هێرشە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

فەدەراسیۆنی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و شنگاڵ شەرمەزار دەکات و رایدەگەیەنێت؛ "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شارەکانی ڕۆژئاوا، شنگاڵ و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە شەوی ٢٤ی تشرینی یەکەم جارێکی دیکە هاوڵاتی مەدەنی کراوەتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە ١٠کەسی مەدەنی کوژران کە منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی بریندار بوون. ناوچە مەدەنییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج."

"ڕۆژ ڕۆژی بەرفراوانکردنی تێکۆشانە"

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەشێکە لە سیاسەتە سیستماتیکە کۆمەڵکوژییەکان دژی گەلی کورد، ئەم هێرشە کۆمەلکوژییانە لە بەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن، لەسەروی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر ئەو هێرشانە کە خەڵکی مەدەنی دەکرێتە ئامانج، بێدەنگی دەنوێنن. ئەمەش بە واتای هاوبەشبوونە لە تاوانەکان دژ بە مرۆڤایەتی. ئێمە ئەم بێدەنگییە قبوڵ ناکەین. ئەم هێرشانە تەنها دژ بە گەلی کورد نییە، بەڵکوو دژی هەموو مرۆڤایەتییە. بۆیە داوا لە گەلەکەمان و ڕای گشتی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورک دەنگیان هەڵبڕن. ڕۆژ ڕۆژی بەرفراوانکردنی تێکۆشانە دژ بە سیاسەتەکانی فاشیزم و کۆمەڵکوژیی!