گەنجانی کورد لە مارسیلیا بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد چالاکیان ئەنجامدا
گەنجانی کوردی فەرەنسا (CKF)لە شاری مارسیلیا، بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
گەنجانی کوردی فەرەنسا (CKF)لە شاری مارسیلیا، بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
گەنجانی کوردی فەرەنسا ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد"، چالاکیان ئەنجامدا.
سەرەتا بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادیی چالاکییەکە دەستی پێکرد. دواتر گەنجان بە دروشمەوە لە گۆڕەپانی (بێل دی مای) بەرەو پارکی (لا پۆست) ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
لە میانی ڕێپێوانەکەدا گەنجان بەردەوام دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "گەنجان فیدایی ڕێبەر ئاپۆن"یان بەرز کردەوە.
پاش ڕێپێوانەکە چالاکوانان گردبوونەوە و لە لایەن نوێنەری گەنجانی کوردی فەرەنساوە بەیاننامەیەک خۆێندرایەوە.
لە بەیاننامەکە ئاماژە بەوەکرا: "لەمێژە گۆشەگیریی ڕەها بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا دەسەپێنن. ئەم گۆشەگیرییە لە هەمان کاتدا بەمانای گۆشەگیری سەر گەلی کورد و کوردستانە."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو گەنجان کرا خاوەنداری لە سەرۆک ئاپۆ بکەن و لە پێناو ئازادی جەستەیی بەڕێزیاندا چالاکانە بەشداری کار و چالاکییەکان بن."
چالاکییەکەی گەنجان بە وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.