لە شاری لیڤەرپوولی پایتەختی بەریتانیا، لە لایەن ئەنجومەنی گەلی کوردەوە یادی ٨٧ ساڵەی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێانی کرایەوە. چالاکییەکە لە ناوەندی کۆمەڵگای دێموکراتیکی کوردەوە بەڕێوەچوو، لە کەسایەتی سەید ڕەزا و هاوڕێانیدا بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان مەراسیمەکە دەستی پێکرد. لە یادەکەدا وتار پێشکەش کرا و دروشمی "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی لیڤەرپوول، ئەیلەم جۆلەمێرگ، لە یادەکەدا وتاری پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لە پێشەنگەکانی گەلی کورد، سەید ڕەزایە، لە مێژووی کوردستان و تێکۆشان بۆ دادپەروەری ڕێبازێکی قووڵی بەجێهێشتووە و وتی: "ئێمەش دەبینە بەشێک لە خەبات و قارەمانیەتی سەید ڕەزا و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین."
هەروەها سەعید سوروچ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کوردی بەریتانیا بە ڕێز و پێزانینەوە سەید ڕەزا و هاوڕێانی بەبیر هێنایەوە و وتی: "ئەمڕۆ نەوەکانی سەید ڕەزا درێژە بە تێکۆشانی ئازادی دەدەن. لە دێرسیمەوە تا ئامەد، لە ڕۆژئاوا تا ڕۆژهەڵات، لە هەموو کوردستاندا درێژە بەو تێکۆشان دەدەن و ڕێبازی شکۆمەندی سەید ڕەزا دەپارێزن، بە دڵنیاییەوە ئەم ڕژێمە فاشیستە ڕەگەزپەرستە هەڵدەوەشێتەوە".
هەروەها ئەندامی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد، محەمەد بیلەر لە یادەکەدا کۆمەڵکوژیی دێرسیمی وەک برینێکی قووڵی لە مێژووی گەلی کورددا بە بیر هێنایەوە و تی کۆمەڵکوژی دێڕسیم تاوانێکی دژ به مرۆڤایەتییه.
دوای وتارەکان کورتە فیلمێک پەخشکرا. هاوکات هەڵسەنگاندنەکانی شەهید قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە سەبارەت بە کۆمەڵکوژی دەرسیم خوێندرایەوە.
مەراسیمی بەبیر هێنانەوەکە بە وتنەوەی دروشمەکان کۆتایی هات.